ئۆباما و کێشه‌ی کورد: فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان چاره‌سه‌ر نییه ئەوانە نۆینەرایەتی نەتەوەیەکی ماف خۆراوەن لە سالهایی سالە لە لایەن ئەو داگیرکرانیی وا ئیۆە پشتیۆانیان لی دەکەن مافیان پێشێل کراوە
کێڤین مه‌ک کیرنان*
کورداندنی له ئینگلیزییه‌وه: عارف سه‌لیمی و سه‌عید ریزوه‌ندی
ژێده‌ر: رۆژنامه‌ی هافینگتۆن پۆست
کورداندنی له ئینگلیزییه‌وه: عارف سه‌لیمی و سه‌عید ریزوه‌ندی
ژێده‌ر: رۆژنامه‌ی هافینگتۆن پۆست
رۆڵی حکومه‌تی ئۆباما له دامرکاندنه‌وه‌ی شۆڕشی له مێژینه‌ی کورده‌کان له تورکیا تا راده‌یه‌کی زۆر نه‌ناسراوه. به‌ڵام چه‌ند هه‌فته له‌مه‌و پێش، دیپلۆماتکارێکی ئه‌مریکایی سه‌ره‌داوێکی سه‌رنجڕاکێشی ده‌رخست. "فرانسیس جه‌ی. ریکاردۆنێ" باڵیۆزی ئۆباما له تورکیا ئاشکرای کرد که ئه‌مریکا به شێوه‌یه‌کی نهێنی پلانێکی له چه‌شنی پلانی تیرۆری بین لاده‌نی بۆ کوشتنی سه‌رکردایه‌تی په‌که‌که (پارتی کرێکارانی کوردستان)، ئه‌و سه‌رهه‌ڵداوانه‌ی له ساڵی 1984ه‌وه تا ئێستا دژی سوپای به ئه‌مریکا پڕچه‌ک کراوی تورکیا شه‌ڕ ده‌که‌ن، خستۆته به‌رده‌م ئه‌و وڵاته.
ریکاردۆنێ له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له ئه‌نکه‌ره به په‌یامنێرانی تورکی گوت: " دوژمنی ئێوه دوژمنی ئێمه‌ن. هێزی رێکاری فره شاره‌زایی** له ئاکامدا بن لاده‌نی خسته داوه‌وه و ئێمه حه‌ز ده‌که‌ین ئه‌مه بخه‌ینه به‌رده‌ست تورکیاش و به شێوه‌یه‌کی نهێنی بیخه‌ینه بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه."
کاتێ ئه‌م قسانه‌م ده‌بیست که تازه له سوریا گه‌ڕابوومه‌وه. له وێ هێزێکی کوردیی دیکه بۆ به ده‌ست هێنانی خودموختاری خه‌ریکی خه‌باتن. ئا له‌و کاته‌دا من به رێی کوێستانی قه‌ندیله‌وه بووم؛ یه‌کێ له به‌رزترین چیاکانی عێراقی دراوسێی سوریا که مۆڵگه‌ی سه‌رهه‌ڵداوانی په‌که‌که‌ی لێیه. من له‌وێ به دوای هه‌ڵوێسته‌کان به‌رامبه‌ر به هه‌واڵی دانوستانه نهێنییه‌کانی تورکیا له گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، دامه‌زرێنه‌ری به ناووده‌نگی په‌که‌که دا ده‌گه‌ڕام که ساڵی 1999 به هاوکاریی ئه‌مریکا قۆڵبه‌ست کرا و له‌و کاته‌وه تا ئێستا بۆته که‌سایه‌تییه‌کی خۆشه‌ویستی زۆرێک له کوردانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین.
سه‌رهه‌ڵدانی 28 ساڵه‌ی کوردان له تورکیا چل هه‌زار کوژراوی لێ که‌وتۆته‌وه که زۆربه‌یان کورد بوون. ئه‌مریکا په‌که‌که به گروپێکی تیرۆریستی ده‌زانێ، به‌ڵام به وته‌ی شاره‌زایان، هه‌م سه‌رهه‌ڵداوان و هه‌میش تورکیا هه‌ردووکیان مافی مرۆڤیان پێشێل کردووه. ئه‌مڕۆکه ئه‌م شهڕوههڵایه ئاستی ململانێی سه‌ربازیی تێپه‌ڕاندووه. له ساڵی 2009ه‌وه هه‌تاکوو ئێستا نزیکه‌ی 8 هه‌زار کوردی سڤیل گیراون که له ناویاندا پارێزه‌ر و لانیکه‌م 100 رۆژنامه‌نووسیش (له ئێران و چین زیاتر) هه‌ن.
پایزی ئه‌مساڵ نزیکه‌ی 1000-700 زیندانی له تورکیا مانیان له خواردن گرت که داواکارییان ئه‌وه بوو کۆتایی به گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لان بهێندرێت و کورده‌کان مافی خوێندن به زمانی دایک و به فه‌رمی ناسینیان له ده‌ستووری تورکیادا وه‌ک که‌مایه‌تییه‌کی ئه‌تنیکی بدرێتێ. تورکیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات که زۆربه‌ی ئه‌م زیندانیانه گرێدراوی په‌که‌که‌ن، به‌ڵام به گوێره‌ی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ زۆرێک له کورده‌کان له ئاکامی "سه‌رکوتی چالاکییه سیاسییه یاساییه‌کانی کوردان"دا قۆڵبه‌ست کراون.
ریکاردۆنێ له هه‌مبه‌ر دزه‌کردنی ئه‌و زانیارییانه‌دا، زانیارییه‌کی هه‌ژێنه‌ری دیکه‌ی درکاند: پلانی نابه‌جێی کوشتنی سه‌رکردایه‌تیی سه‌رهه‌ڵداوه‌کان. له راستیدا په‌که‌که نه ئه‌لقاعیده‌یه و نه په‌لاماری ئه‌مریکاشی داوه. هه‌ڵبه‌ت تورکیا ژیرانه پلانه‌که‌ی ئه‌مریکای ره‌تکرده‌وه. سه‌رۆک وه‌زیری تورکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌وڵی روونکردنه‌وه‌ی دیپڵۆماتیکی دا و گوتی: "به‌ڵام پێکدادانه‌کان لێره له ناوچه‌یه‌کی شاخاویدا روو ده‌ده‌ن."
پاش ره‌ت کردنه‌وه‌ی پیلانی تیرۆر، تورکیا به ڕێی دانووستان توانی سه‌رکه‌وتووانه‌وه کۆتایی به مانگرتنه ههراسانکهرهکه بهێنێت، مانگرتنێک که پشتگیریی به‌رچاوی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی باشووری رۆژهه‌ڵاتی تورکیا (شوێنی ژیانی زۆربه‌ی دانیشتوانی ١٥ ملوێنی کوردی ئه‌و وڵاته)ی له‌گه‌ڵ بوو. ئه‌گه‌ر ئه‌و پیلانه گێلانه‌یه سه‌ری بگرتایه، ئه‌وا له‌وانه بوو ببێته هۆی گۆڕینی رای شه‌قامی کوردی دژ به ئه‌مریکا و گیانێکی تازه‌ی وه‌به‌ر جه‌سته‌ی سه‌رهه‌ڵداوان بکردایه‌ته‌وه.
ئه‌مه یه‌که‌مین هه‌وڵدانی حکومه‌تێکی ئه‌مریکایی بۆ سه‌رکوت کردنی سه‌رهه‌ڵدانی کوردان له تورکیا نییه. له ساڵی 1999 دا حکومه‌تی کلینتۆن به شێوه‌یه‌کی نهێنی بۆ شوێن پێ هه‌ڵگرتن و یارمه‌تیدان له گرتنی ئۆجه‌لاندا که‌ڵکی له ئه‌ندامانی ئێف. بی. ئای وه‌رگرت. حکومه‌تی ئۆباماش به‌ش به حاڵی خۆی به ته‌کنه‌لۆژیا و زانیاریی سه‌ربازی، جار به جار له شه‌ڕی دژ به په‌که‌که‌دا یارمه‌تیی تورکیای داوه. به‌ڵام رۆڵی ئه‌مریکا له‌م ململانێیه‌دا بایه‌خێکی زۆر که‌می پێ ده‌درا تا ساڵێک له‌مه‌و پێش که فڕۆکه‌یه‌کی بێ فڕۆکه‌وانی ئه‌مریکا کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی سڤیلی کوردی به سه‌رهه‌ڵداوه کورده‌کان لێ تێک چوو که بوو به هۆی کوژرانی 35 گوندنشینی کورد. ئه‌و پیلانی تیرۆره له قۆناخێکی هه‌ستیاری په‌یوه‌ندیی نێوان کوردان و تورکاندا خرایه روو و جگه له‌وه‌ی له‌وانه‌بوو کوژرانی فه‌رمانده پایه‌به‌رزه‌کانی په‌که‌که‌ی لێ بکه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌شی ده‌رخست که سیاسه‌ته‌کانی ئۆباما تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی کوردانی ئاسایی‌دا ناکۆکی هه‌یه. سی ملیۆن کورد له ناوچه‌که‌دا هه‌ن که له ناو سنووره‌کانی عێراق، تورکیا، سوریا و ئێران‌دا بڵاو بوونه‌ته‌وه. زۆرێک له کوردانی ئه‌م وڵاتانه به پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، لایه‌نگری په‌که‌که و خه‌ونی له مێژینه‌ی کوردان بۆ دامه‌زراندنی نیشتمانێکی یه‌ک پارچه‌ن.
له سووریا که هه‌ژماری کوردان ده‌گاته دوو ملیۆن که‌س،"ئاپۆ"(ئه‌و ناوه‌ی که سه‌رۆکی په‌که‌که زیاتر پێی ناسراوه) ئێستاکه پێگه‌یه‌کی په‌رستراوی گرتووه. ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کورده‌کانی سوریا لایه‌نگری تۆخی پارتی یه‌کێتی دێموکراتیک (په‌یه‌ده)ن که هاوپه‌یمانی په‌که‌که‌یه. به‌ڵام هۆکاری سه‌ره‌کیتر ئه‌وه‌یه که کورده‌کانی نیشته‌جێی سورویاش وه‌ک کوردانی تورکیا و ئێران به‌ڕاستی ئیتر ماندوو بوون له‌وه‌ی له مێژ ساڵه وه‌ک هاوڵاتیی پله دوو حیسابیان بۆ ده‌کرێت. زۆربه‌ی کوردانی سووریا پێیان وایه که عه‌ره‌به به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی ئه‌سه‌د سه‌ره‌ڕای پارچه پارچه بوونیان، له ئاکامدا براوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی خوێناویی سووریا ده‌بن و وێڕای گشت ناکۆکییه‌کان بڕوای ته‌واویان هه‌یه به‌وه‌ی که خودموختاری-یان وه‌ک هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن "به‌هاری کوردی"- به‌ڕێوه‌یه.
پایزی ئه‌مساڵ له یه‌کێ له شارۆچکه‌کانی سووریا نزیکه‌ی 700 خۆپێشاندهرم له شه‌قامه‌کاندا بینی. پیر و لاو به کوردی قسه‌یان ده‌کرد، موزیکی کوردیان لێ ده‌دا و جلوبه‌رگی کوردیان له‌به‌ر کردبوو. زۆربه‌یان ئاڵای کوردستان یان وێنه‌ی ئۆجه‌لانیان به‌ده‌سته‌وه بوو. کارێکی ئاوا که‌مێک پێش ئێستا له‌وانه‌بوو راپێچی زیندان یان تووشی چاره‌نووسێکی خراپتریان بکاته‌وه.
به‌ڵام له‌و به‌ری رووباری دیجله له کوردستانی عێراقیش که ئابوورییه‌که‌ی له سای سه‌ری هێرشی ئه‌مریکا هه‌ر دێت و به‌ره‌و گه‌شه سه‌ندن ده‌چێت، ئۆجه‌لان پشتگیرییه‌کی به‌هێزی هه‌یه. من له خه‌ڵکی ناو کۆڵان و چایخانهکانم بیست که وه‌ک "نێسلۆن ماندێلا" باسی ئه‌م سه‌رۆکه به‌ندکراوه سهرههڵداوهیان ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ت هه‌مووان ئه‌م بۆچوونه‌یان نییه. "حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموو"، یه‌کێ له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێ: "من حه‌زم له ئایدۆلۆژیی ئاپۆ نییه." به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هۆشداری ده‌داته ئه‌مریکا که خۆشه‌ویستیی ئۆجه‌لان به که‌م نه‌زانێ. ناوبراو له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر ئاپۆ خۆی بۆ سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری کوردستانی تورکیا بپاڵێوێ به پێشوازییه‌کی زۆره‌وه دێته هه‌ڵبژاردن."
ئه‌دی ئێران؟ پرسی په‌ژاک، ئه‌و گه‌ریلا کورده ئێرانیانه‌ی له شاخه‌کانی قه‌ندیل قه‌ڵه‌مڕه‌وێکی هاوبه‌شیان هه‌یه له گه‌ڵ په‌که‌که‌دا، پرسێکی جێگه‌ی سه‌رنجه. گرووپی په‌ژاکیش رێک وه‌ک زۆربه‌ی به‌رپرسه ئه‌مریکاییه‌کان خوازیاری گۆڕینی رژێمی تارانن. به‌ڵام ئه‌م سه‌رهه‌ڵداوانه ئۆجه‌لان وه‌ک جه‌نگاوه‌رێکی ئازادی چاو لێ ده‌که‌ن نه‌ک وه‌ک تیرۆریستێک.
کاتێ له چیاکانی قه‌ندیل نزیک ده‌بووینه‌وه، قاچاخچییه‌که داوای لێ کردم پاتریی مۆبایله‌که‌م ده‌ربێنم نه وه‌کوو له لایه‌ن فڕۆکه بێ فڕۆکه‌وانه ئه‌مریکاییه‌کانه‌وه بکرێینه ئامانج. ئه‌مه تۆزێک پارانۆیایی ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام وای لێکردم بیر له هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی کوردان -له ناویاندا ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه- بکه‌مه‌وه که له سه‌ده‌ی رابردوودا له‌م ناوچانه روویانداوه. "رێگه‌چاره" سه‌ربازییه‌کان و له‌وانه ئه‌م رێگه چاره‌یه‌ی دوایی که له لایه‌ن حکومه‌تی ئۆباماوه پێشنیار کرابوو، نه‌یانتوانیوه کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ن به‌ڵام له‌وانه‌یه هێشتا ده‌رفه‌تێک بۆ رێگه چاره‌ی دیپلۆماسی هه‌بێت.
جارێکی تر که کورده‌کان داخوازییه ره‌واکانی خۆیان خسته‌ڕوو، ئه‌مریکا ده‌بێ هانی دانووستان بدات نه‌ک تیرۆر. له‌و 21 ساڵه‌ی رابردوودا که سه‌ردانی ئه‌م ناوچه‌یه‌م کردووه، قه‌ت کوردێکم نه‌دیوه حه‌زی له ئه‌مریکاییه‌کان نهبوویێت. جێی داخه ئه‌م نیازپاکییه به فیڕۆ بدرێت.
...
*کێڤین مه‌ک کیرنان (Kevin McKiernan) رۆژنامه‌نووس و فیلمسازه. ئه‌و ده‌رهێنه‌ری فیلمی دیکۆمینتیی "کورده باشه‌کان و کورده خراپه‌کان"ه (Good Kurds,Bad Kurds) که به‌رهه‌می که‌ناڵی" ئێف بی ئێس"ه و هه‌روه‌ها نووسه‌ری کتێبی "کورد، خه‌ڵکێک به‌دوای نیشتمانه‌که‌یدا "ه. راپۆرتێکی ناوبراو سه‌باره‌ت به کورده‌کانی سووریا له مانگی دیسامبردا له رۆژنامه‌ی "سانتا باربارا ئیندیپێندنت" بڵاو کرایه‌وه.
** multidisciplinary: فره شاره‌زایی (کار، تیم و ...) زاراوه‌یه‌که مانای کارێکی به‌کۆمه‌ڵ ده‌گه‌یه‌نێ که تێیدا کۆمه‌ڵێ که‌س به شاره‌زایی جیاوازه‌وه پێکه‌وه له پێناو گه‌یشتن به ئامانجێکدا هاوکاری ده‌که‌ن. (و. ک)
NNSROJ:
وتاری سه‌ره‌کی: رۆژنامه‌ی هافینگتۆن پۆست
وتاری سه‌ره‌کی: رۆژنامه‌ی هافینگتۆن پۆست
No comments:
Post a Comment