Pages

Ads 468x60px

2 Jan 2013

مه‌حمود عوسمان: نابێ کورد ده‌رگا له‌سه‌ر کورد دابخات

مه‌حمود عوسمان: نابێ کورد ده‌رگا له‌سه‌ر کورد دابخات
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان"مه‌حمود عوسمان" داوای کرد که‌ سنووری هه‌رێمی باشووری کوردستان به‌ڕووی رۆژئاوای کوردستاندا بکرێنه‌وه‌ و بانگه‌وازی کرد و وتی:" ده‌بێ کورد ده‌رگای خۆیان به‌ڕووی کورددا دانه‌خه‌ن، له‌کاتی راپه‌ڕینه‌که‌ی باشوری کوردستاندا هیچ ده‌وڵه‌تێکی دراوسێ سنووره‌کانیان دانه‌خست. مه‌حمود عوسمان وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ANF ی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند که‌ کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌هۆی نه‌بوونی دیالۆگه‌وه‌ دێنه‌ ئاراوه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی رژێمی AKP ی وه‌ها هه‌ڵسه‌نگاند:"ئه‌ردۆغان نیازی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردی نییه‌، هه‌رچییه‌ک ده‌ڵێت بۆ خه‌ڵه‌تاندنه‌ ." 


به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان حکومه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی ئێراقدا، هه‌فته‌ی رابردوو له‌ به‌غدا به‌ به‌شداربوونی هه‌ردوو لایه‌ن کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام درا. چاوه‌ڕێ ده‌کرێت که‌ ئه‌مڕۆ به‌به‌شداری سه‌رکردایه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زیری ناوخۆی ئێراق کۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مینیش له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت و هاوپه‌یمانییه‌ک مۆر بکه‌ن. 

به‌ڵام چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان PDK فازڵ میرانی رایگه‌یاندبوو که‌ هێزه‌کانییان له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان پاشه‌کشه‌ پێناکه‌ن. به‌گوێره‌ی مه‌حمود عوسمان گه‌وره‌ترین کێشه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا مه‌سه‌له‌ی شوێنی جێگیرکردنی پێشمه‌رگه‌کان نییه‌ . 

ده‌توانرێت هه‌ر سێ کێشه‌که‌ش چاره‌سه‌ر بکرێن 

مه‌حمود عوسمان هه‌رسێ کێشه‌که‌ی نێوان حکومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ندی به‌م شێوه‌یه‌ ریزکرد:" ده‌بێت سنووری هه‌رێمی کوردستان به‌گوێره‌ی مادده‌ی (140)ی ده‌ستور ده‌ستنیشان بکرێت، که‌ کێشه‌ی که‌رکوکیش ده‌گرێته‌وه‌، ده‌بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌ر به‌ کوێ بن، مه‌سه‌له‌ی داهاتیش یه‌کێکی تره‌ له‌کێشه‌کان. ئه‌مانه‌ کێشه‌ی وه‌ها نین چاره‌سه‌ر نه‌کرێن. " 

مه‌حمود عوسمان ده‌ستنیشانی کرد که‌ ئه‌و کێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند دا هه‌ن، به‌ هۆی نه‌بوونی دیالۆگه‌وه‌یه‌ و ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ردوو لا کرد و ئه‌وه‌شی خسته‌روو که‌ هه‌ردوولا له‌به‌رامبه‌ر به‌ ره‌وشه‌که‌ به‌رپرسیارن و وتی:" بێگومان به‌شی حکومه‌تی ناوه‌ند زیاتره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتن، هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ زۆر که‌مته‌رخه‌م بوون، بۆیه‌ ئاڵۆزییه‌کان له‌ناو ساڵی رابردوودا قوڵتر بوونه‌وه‌، له‌ساڵی 2012 هیچ چاوپێکه‌وتنێک له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند دا دروستنه‌بوو. هیوادارم له‌ ساڵی 2013 دا ئه‌م ڕه‌وشه‌ بگۆڕدرێت و هه‌ردوو لا کێشه‌کانیان به‌رێگای دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، مه‌سه‌له‌که‌ سه‌ربازی نییه‌، سیاسییه‌ و پێویسته‌ سیاسه‌تمه‌داره‌کان چاره‌سه‌ری بکه‌ن. " 

هه‌روه‌ها وتیشی:" له‌م ره‌وشه‌دا هه‌ڵوێستی نه‌گه‌تیڤی مالیکی هه‌یه‌، مالیکی به‌هاوپه‌یمانی کورد، سونه‌، شیعه‌ هاته‌ سه‌ر حوکم، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ به‌هه‌ندێ گرووپی شیعه‌مه‌زهه‌بیشه‌وه‌، زۆر لایه‌ن لێی نارازین، ناتوانرێت بوترێت سه‌رۆکایه‌تییه‌کی سه‌رکه‌وتوو بووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی ئه‌مریکاش خراپه‌، ئه‌وکاته‌ی له‌ ئێراقبوون ئه‌و کێشانه‌ هه‌بوو و که‌مته‌رخه‌مبوون." 

مام جه‌لال له‌به‌شی فریاکه‌وتنی به‌په‌له‌ ده‌رخراوه‌

له‌باره‌ی ته‌ندرستی تاڵه‌بانیشه‌وه‌ مه‌حمود عوسمان ده‌ستنیشانی کرد، ره‌وشی سه‌رۆک کۆماری ئێراق و سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان YNK، تاڵه‌بانی به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت و وتی" به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ستکه‌وتوون ره‌وشی ته‌ندروستی به‌ره‌4و باش بوون ده‌چێت و له‌به‌شی خێرای نه‌خۆشخانه‌ ده‌ریان خستووه‌. هیوادارم له‌ کاتێکی کورتدا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر کاره‌کانی. ئه‌گه‌ر نه‌شیتوانی، ئه‌وا په‌رله‌مان سه‌رۆک کۆمارێکی نوێ هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام هێشتا بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌. " 

پێویسته‌ سنووره‌کانی رۆژئاوا دانه‌خرێن

مه‌حمود عوسمان ره‌خنه‌ی له‌ داخستنی سنوره‌کانی رۆژئاوای کوردستان کرد و داوای له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان کرد که‌ ئه‌و سنوورانه‌ بکاته‌وه‌. مه‌حمود عوسمان ده‌ستنیشانی کرد که‌ مافی هیچ که‌سێک نییه‌ ئه‌و ده‌رگایانه‌ بگرێت و وتی:" کاتێ خه‌ڵکی باشوری کوردستان له‌ده‌ستی زوڵمی حکومه‌تی سه‌دام روویان له‌سنوری دراوسێکان کرد، نه‌ تورکیا، نه‌ سوریا، نه‌ ئێران، ده‌رگای خۆی به‌ڕووی کورد دا داخست، له‌کاتێکدا که‌ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ کارێکی وه‌های نه‌کردووه‌، جا چۆن کورد ده‌رگا به‌رووی کورد دا داده‌خات. پێویسته‌ کوردی سوریاش یه‌کێتی نێوانیان به‌هێز بکه‌ن تا بتونن مافه‌کانی خۆیان به‌ده‌ستبێنن. " 

ئه‌ردۆغانی نیازی چاره‌سه‌رکردنی پرسی کوردی نییه‌

له‌کۆتایی لێدوانه‌که‌ید سیاسه‌تمه‌دارو په‌رله‌مانتاری په‌له‌مانی ئێراق مه‌حمود عوسمان سه‌رنجی بۆ سه‌ر هه‌ڵوێست و ره‌فتاره‌کانی حکومه‌تی AKP له‌مه‌ڕ پرسی کورد و قسه‌وباسه‌کانی سه‌ر هه‌وڵه‌کانی بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد راکێشا و وتی"نابێ له‌بیر بکه‌ین که‌ حکومه‌تی تورک و ره‌جه‌ب تایب ئه‌ردۆغان هیچ نیه‌تێکی چاره‌سه‌ری نییه‌ بۆ پرسی کورد، ئه‌و شتانه‌ی که‌ ده‌یڵێت جگه‌ له‌خه‌ڵه‌تاندن شتێکی تر نیه‌. ده‌ڵێت با PKK چه‌ک دابنێت و ده‌رکه‌وێت، به‌ڵام هه‌تا چاره‌سه‌ری دروست نه‌بێ به‌هیچ شێوه‌ی نابێت شتێکی به‌و شێوه‌ بکرێت."
ANF NEWS AGENCY

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates