Pages

Ads 468x60px

12 May 2013

ئایا فەرامۆشیان كردووە دەردی هەرە گران چییە؟ بۆچی تووشی ئەو كەوتنە سیاسییە هاتوون؟

ریزدار هاوار بازیان
 ئایا فەرامۆشیان كردووە دەردی هەرە گران چییە؟ بۆچی تووشی ئەو كەوتنە سیاسییە هاتوون؟

رۆژهەڵاتییەكان لە دوژمنیش فێری یەكگرتن نەبوون.


لەبیریان كردووە دوژمنی هاوبەش و ئامانجی هاوبەشیان كامانەن؟ بۆچی وا بە ئاسانی ئەو هەمووە دەرد و ئازارەی كوردی رۆژهەڵات خۆڕایی دەكەن كە ئەو بەشە لە كوردستان چێشتوویەتی؟ ئایا سڕبوونی سیاسیی كورد لەو پارچەیە هەروا بە رێككەوتە یان نا بە رێككەوتنە؟ بەڕاستی ئەو هەمووە "كەڵە پیاوە سیاسەتمەدارەی ناو حزبە سیاسییەكان" نازانن رێگەكانی دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستە بە تێگەیشتن دەكرێنەوە نەك تۆمەت هەڵبەستن؟ بەڕاستی تووڕەبوون و هەڵبەزینەوە سیاسەتێكی منداڵانە نییە رووی لە رۆژهەڵات كردووە؟ كاریگەریی سەدان رۆژنامەنووس و رۆشنبیری كوردی رۆژهەڵات كوا، ئەوانەی هەر بە لیست ناویان دەبینم؟  
بەژمارە زیاتر لە 25 حزب و لایەنی سیاسیی كوردی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی باس لە بوونی خۆیان دەكەن، جگە لە دەیان و سەدان كەسایەتیی سیاسی، ئاینی، فەرهەنگی، كۆمەڵایەتی و هونەریی "كوردپەروەر" كە خۆیان بە "سەرمایە"ی ئێستە و داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان دەزانن، بەڵام كارساتەكە لەوەدایە هەمووی ئەوانە نەك لە پێناسەكردنی یەكتریدا بەهەڵەی گەورەدا دەچن و لاوازترین پێوەندی و رێكخستنی هەوڵەكانیان بۆ ئامانجێكی هاوبەش لەئارادا نییە، بگرە زۆرجار توندتر لە دوژمنی سەرەكییان كە هەمان كوماری ئیسلامییە دژی یەكتری دەوەستنەوە و پیلانگێڕی دەكەن، بێ ئەوەی بزانن كە شەڕی نێوان خۆیان هیچ براوەیەكی نییە جگە لە لاوازبوونی خۆیان و دڵخۆشی دوژمنی سەرەكی لە تاران، ئەو ریژیمەی لەپێناوی مانەوەدا تەنیا چەكی یەكگرتنی ناوەخۆیی پێیە و هیچی دیكە.
حزبە كوردییەكان لەجیاتی ئەوەی بەراوردێكی نێوان مێژووی خەباتی خۆیان و دەستكەوتەكان لەگەڵ خەباتی گەلان و وڵاتانی دەوروبەریان بكەن و بەو بیانوویە هێزێكی نوێ لەدەست بگرنەوە، خەریكن دژی یەكتری جێگەی دوژمن پڕ دەكەنەوە. تا دوژمن تۆمەتێك بۆ كورد هەڵدەبەستێ، كورد دوو تۆمەتی ئامادەی پێیە. تا دوژمن هەوڵی شكاندنی كەسایەتیی كوردێك دەدا، كوردەكەی تر چەند دانەی شكاندوون.
كارەساتە، حزبێكی سیاسی پەیامی خۆی فەرامۆش بكا و نەزانێ بۆچی هاتووە و چۆن دەڕوات و دواجار نیازی چییە، لەو حاڵەتەدا تووشی سەرلێشێواوی دەبێ و بێ ئەوەی ئاگەدار بێ كەسانی مەترسیدار پەروەردە دەكات. كەسانێك كە دواتر ئامادەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە هەموو بەرژەوەندییەك بدەن. لەو فەزایەدا دڵسۆزی كەم دەكا و فێڵ و چەواشەكاری باڵ بەسەر خەباتدا دەكێشێ و لە ئەنجامدا هەمان كوردە زیانی پێدەگا، ئەو كوردەی حزبی بۆ رزگاری دامەزراند نەك پێگەیاندنی فێڵباز.
لە كاتێكدا خوێنەری كورد بەهیوای خوێندنەوەی هەواڵێك لەبارەی یەكدەنگی و هاوهەڵوێستیی رۆڵەكانی سەردانی ئینتەرنێت دەكا یان كەناڵێكی دیكەی راگەیاندن بەسەر دەكاتەوە، بەڵام بەسەر هەواڵەكانی پڕ لە دووبەرەكی و رق و كینەی كوردەكان بەرامبەر یەكتریدا دەكەوێت كە ئەوە مایەی شەرمە.
ئەوەش لە كاتێكدا، بە گوفتار سەرجەم هێز و لایەنەكانی كوردی رۆژهەڵات بۆ رووخان و نەهێشتنی دەسەڵاتی تاران خەبات دەكەن، لەو پەیوەندییەدا رۆژانە بە دەیان وتار و بەیاننامەی سیاسی دێتە وەشاندن، بەڵام بەكردەوە هیچ شتێك دیار نییە. بێ خەبەرن لەوەی كورد گوێچكەی پڕ بووە لە وشە و دەستەواژەی سەیر و سەمەرە و گەورەی سیاسی. ئەوان پێویستە لەو راستییە باش تێبگەن كە بۆ ئێستە كورد تەنیا دوو چاوەڕوانی لەو هێز و حزبانە هەیە، ئەویش راستگۆیی و یەكگرتوویی كە هەموومان لە سوودەكانی ئەو دوو چاوەڕوانییەی خەڵك تێدەگەین و بەرهەمی یەكگرتنی سیاسی و ئابووری ناوچەكە و دنیا لەو دوو ویستەی خەڵكدا دەبینین، كەچی هێشتا كوردی رۆژهەڵات بەو راستییە نەگەیشتووە، یان ئەگەر گەیشتووە خۆی لێ نەزان دەكا.
لە چەند رۆژی رابردوودا كە بەرپرسانی ریژیم لە تاران بۆ پرۆسەی دانانی پاڵێوراو بۆ سەرۆكایەتیی داهاتووی وڵات سەرەڕای هەموو كێشە و گرفتی ناوخۆیان لەسەر یەكدەنگی سوور بوون تا بەسەر بارودۆخەكەدا زاڵ بن، بەڵام لای كوردەكان هەر باس لە پەرتەوازەیی و پێك هەڵپڕژانی سیاسییە.  كۆماری ئیسلامی، ئەو ریژیمەی كە زیاتر لە 34 ساڵە لە هەستیارترین ناوچەی دنیا و بەرامبەر چەندان جۆر لە كێشەی سەربازی و سیاسی و تەناهی لە دەسەڵات بەردەوام بووە تەنیا یەك رەمزی بۆ مانەوە هەبووە، ئەویش هەمان یەكگرتنە، بەڵام هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات كە مێژووی هەندێكیان دوو هێندەی ریژیمی كۆماری ئیسلامییە تا ئێستە ئەو وانە گرینگە لە دوژمن فێر نەبوونە.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates