Pages

Ads 468x60px

9 May 2013

روو به‌ ئه‌ندامانی حدکا و په‌ژاک! کۆسار فەتاحی



روو به‌ ئه‌ندامانی حدکا و په‌ژاک! کۆسار فەتاحی


گه‌ریلاکانی په‌ژاک رێچکه‌ی ئه‌و خۆێنه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ که‌ له‌ جه‌سته‌ی حیزبی دیموکرات رژاوه‌!
له‌ سه‌ر تۆڕی فه‌یسبووک جار وبار ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان په‌ژاک به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ناشیرین و نامه‌سئوولانه‌ ئه‌وه‌ی پێیان خۆشه‌ و به‌ پێی لێکدانه‌وه‌ی مێشکی خۆیان به‌ یه‌کتری ده‌ڵێێن و به‌ کورتی شیر وتیر له‌ یه‌کتر ده‌سوون. مخابن نه‌ رێبه‌رایه‌تی حدکا و نه‌ مه‌جلیسی سه‌رۆکایه‌تی په‌ژاک ته‌نانه‌ت یه‌ک جاریش هیچ ئاگاداری و وه‌ریاکردنه‌وه‌یه‌کیان نه‌داوه‌ته‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆیان و ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌م قسه‌ و قسه‌لۆکانه‌ی ئه‌ندامانیان له‌ سه‌ر یه‌کتری سنووردار بکه‌ن. هیچ فه‌زایه‌ و ده‌رفه‌تیكی ئه‌وتۆش له‌ ئادارا نییه‌ که‌ گفتوگۆیه‌کی رووده‌رروو و شه‌فاف له‌ مابه‌ینی هه‌ردوو حزبه‌که‌دا بێته‌ ئاراوه‌ و هیچ هه‌نگاوێکیش بۆ پێشگیری له‌و هه‌موو بێ رێزیکردن و سووکایه‌تییانه‌ هه‌ڵ نه‌گیراوه‌. بۆیه‌ ده‌کرێ به‌و ئاکامه‌ بگه‌ین که‌ هه‌ردوولا به‌جۆرێ له‌ جۆره‌کان چراسه‌وزیان به‌ ده‌وربه‌ری خۆیان داوه‌ و رازین به‌و کاره‌.




من لێره‌دا لازمه‌ چه‌ند خاڵێک وه‌ک ده‌سپێکی باسێکی ره‌خنه‌گرانه‌ بخه‌مه‌به‌رچاو و هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌م تا ئه‌و جێگایه‌ی که‌ له‌ نرخی خۆم و گرینگی باسه‌که‌ که‌م نه‌بێته‌وه‌ ئه‌م مژاره‌ بکه‌مه‌ رۆژه‌ڤی باس و خواسی نێو ئه‌ندامان و لایه‌نه‌گرانی هه‌ردوو حزبه‌که‌.
1. رێبه‌رایه‌تی پاش کۆنگره‌ی سێزده‌ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران که‌ ئێستاش که‌ماکان هه‌ر هه‌مان ته‌رکیب پێک ده‌هێنن سیاسه‌تێکی بایکوت و به‌ موبالاکردنی داخوازییه‌ په‌یتاپه‌یتاکانی رێبه‌رایه‌تی په‌ژاکیان کرده‌ پیشه‌ و هه‌ر هه‌وڵێکی ئه‌و رێکخراوه‌ جه‌وانه‌یان بۆ نزیکبوونه‌وه‌ و لێکگه‌یشتن به‌ هه‌ده‌ر دا. لانیکه‌م چه‌ندین جار حاجی ئه‌حمه‌دی به‌ شیوه‌ی ئاشکرا بانگه‌وازی بۆ حزبه‌کانی دیکه‌ و یه‌ک له‌وان حدکا ناردوه‌ که‌ ده‌رگای له‌یه‌کگه‌یشتن به‌روویاندا بکه‌نه‌وه‌. ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی په‌ژاک بێگومان له‌ پشت ئه‌و داواکارییانه‌ی حاجی ئه‌حمه‌دییه‌وه‌ بووه‌ و بۆیه‌ ره‌وایه‌ بڵێن که‌ ئه‌مه‌ سیاسیه‌تی ره‌سمی ئه‌و رێکخراوه‌ بووه‌. به‌ڵام هیچ چه‌شنه‌ جوابێکی ره‌سمی به‌و داخوازییانه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌و قسه‌ سواوه‌ دووپات کراوه‌ته‌وه‌ که‌ په‌ژاک حزبێکی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، بۆیه‌ ناکرێ له‌گه‌ڵی دانیشین!

2. تێنه‌گه‌یشتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ی کۆنگره‌ی گه‌ل KCK وای کردووه‌ که‌ له‌ لانیکه‌م حدکا له‌ شێوازی کارو خه‌باتی په‌ژاک تێ نه‌گا و به‌رده‌وام وا نیشان بدا که‌ په‌ژاک دروستکراوی پکاکایه‌. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی په‌ژاک به‌ گوێره‌ی پێویست خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و باسه‌ نه‌داوه‌ که‌ کۆنگره‌ی گه‌ل چۆن سیستمه‌ێکی هه‌یه‌، په‌ژاک و پکاکا و باقی حزبه‌کانی دیکه‌ی نێو ئه‌و گه‌ردوونه‌ چۆن ته‌عامول ده‌که‌ن و جیاوازییه‌کانیان له‌ چی دایه‌. بۆیه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و لێک حاڵینه‌بوونه‌ به‌ رای من بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌.
3. له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو فه‌رزیه‌، نه‌ رێبه‌رایه‌تی حدکا خاوه‌ن ئه‌و روانینه‌ مه‌سئوولانه‌ بووه‌ که‌ په‌ژاک وه‌ک ئه‌مری واقیع له‌ مه‌یدانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا قبووڵ بکا و نه‌ په‌ژاکیش له‌ رێگای دیالۆگێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ سه‌رنجی ئه‌و حزبه‌ بۆ لای واقیعه‌تی بوونی خۆی رابکێشێ. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا کێشه‌که‌ به‌ هۆی بێ مه‌یلی و بایه‌خنه‌دانی پێویست به‌ یه‌کتر ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌ و به‌یاننامه‌ و لێداوانی ئاگرین و هه‌وڵی تۆمه‌تبارکردن جێگایان بۆ کراوه‌ته‌وه‌ و ره‌شبینییه‌کان به‌رفراوان بوون و درزێکی بچووک واخه‌ریکه‌ ببێته‌ هۆی دوورکه‌تنه‌وه‌یه‌کی پڕ مه‌ترسی.
راستیه‌کی ئه‌وه‌یه‌ نه‌ په‌ژاک ئه‌و پارته‌یه‌ که‌ رێبه‌رایه‌تی و ئه‌ندامانی حدکا لێی حاڵی بووگن، نه‌ حدکا ئه‌و حزبه‌ ده‌سته‌وه‌ستان و دۆڕاوه‌یه‌ که‌ ئه‌ند‌امانی په‌ژاک لێی تێگه‌یشتوون. سه‌رباری جیاوازی له‌ سیاسه‌ت و میتۆدی خه‌باتکردندا به‌ بینینی من زۆر خاڵی هاوبه‌ش ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ یه‌ک کۆده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌ کورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌م:
یه‌که‌م، په‌ژاک نه‌تیجه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغێکی نوێیه‌ له‌ خه‌باتی سیاسی و چه‌کداری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌ ئێران که‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ خوێنده‌وه‌ی تازه‌ و داهێنه‌رانه‌ی مێژووی کورد و گرێدانی به‌ خه‌باتی ئه‌مڕۆی نه‌وه‌ی نوێی کۆمه‌ڵگه‌ فۆرمێکی تازه‌ی به‌ خه‌باتی سیاسی، فه‌رهه‌نگی و جڤاکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌خشیوه‌.
دووه‌، ره‌نگه‌ به‌شیکی زۆر له‌ گه‌ریلاکانی په‌ژاک گۆشکراوی حه‌ماسه‌خولقێنه‌ییه‌کانی پیشمه‌رگه‌کانی حزبی دیموکرات و به‌رهه‌می ئه‌و خه‌ون ئاواته‌ بن که‌ رێبه‌رانی وه‌ک قاسملو بۆ کاراترکردنی خه‌باتی جه‌کداری و سیاسی و کولتووری کورد له‌گه‌ڵی ژیاون. زۆر فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ی گیانبه‌ختکردووی حزبی دیموکرات بوونه‌ته‌ موتیڤ و هانده‌ری خه‌بات بۆ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆ به‌رگی گه‌ریلای په‌ژاکیان له‌ به‌ردایه‌. بۆیه‌ گه‌ریلاکانی په‌ژاک رێچکه‌ی ئه‌و خۆێنه‌یان هه‌ڵگرتووه‌ که‌ له‌ جه‌سته‌ی حیزبی دیموکرات رژاوه‌. ناکرێ گه‌ریلای په‌ژاک به‌ عاملی کۆماری ئیسلامی و له‌مپه‌ری خه‌باتی خۆیان بزانن.
سێهه‌م، حزبی دیموکرات خاوه‌ن رابردوویه‌کی پڕ حه‌ماسه‌ و رێبه‌رانی مه‌عنه‌وی خه‌باتی کورده‌ له‌ رۆژهه‌ڵات. گرنگه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین که‌ یه‌ک یان دوو ده‌یه‌ له‌ خامۆشبوونی خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی حزبی دیموکرات ناتوانێ ئه‌وه‌نده‌ جیاوازی دروست بکا که‌ نه‌کرێ چاره‌سه‌ر بکرێ.
چواره‌م، گه‌ر باسێکی ره‌خنه‌گرانه‌ و سازه‌نده‌ بێته‌ ئاراوه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌، قسه‌ی تێدا نییه‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانی ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ خاڵه‌ ناکۆکه‌کانیان زیاتره‌. کۆنتێکستێک که‌ خه‌باتی تێداده‌که‌ن و ئامانجێک که‌ له‌ به‌رامبه‌ری خۆیاندا ده‌یبینن، کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ژیانێکی ئازاد و سه‌ربه‌رزانه‌یه‌ بۆ کورد. ئه‌مانه‌ وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک ئه‌وه‌نده‌ که‌فایه‌ت ئه‌که‌ن که‌ ببنه‌ بیانووی سازبوونی گفتوگۆیه‌کی شه‌فاف.
4. خاڵێکی گرنگ که‌ لازمه‌ ئاماژه‌ی پی بده‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی دڵیان بۆ حزبه‌که‌ی خۆیان لێ ئه‌دا، ئه‌گه‌ر بۆ جارێکیش بووه‌ بیرێک له‌ بازنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌که‌ی خۆیان بکه‌نه‌وه‌. فراوانتر بڕواننه‌ دیارده‌سیاسییه‌کان، ئه‌و زه‌رفییه‌ته‌ له‌ خۆیاندا دروست بکه‌ن که‌ ره‌خنه‌ی به‌رامه‌ره‌که‌یان قبووڵ بکه‌ن و هه‌وڵی جددی بده‌ن تا له‌ رێگای دیالۆگی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌، وێڕای پاراستنی حورمه‌ت و به‌هاکانی یه‌کتر ‌روو به‌رووی یه‌کتر دانیشن و بیرێک له‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و لێکناحاڵیبوونه‌ی ئێستا بکه‌نه‌وه‌. به‌ش به‌ حاڵی خۆم بۆ ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ ئه‌و کاره‌ ئاماده‌م و هیوادارم له‌ رێگای دروستکردنی زه‌ختێکی گه‌وره‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی ئه‌م دوو حزبه‌ و ته‌نانه‌ت حزبه‌کانی دیکه‌ بۆ یه‌کترقبوڵکردن بخه‌نه‌ ژێر فشاره‌وه‌.
5. سیاسه‌تی ئینکار و به‌که‌م نرخاندنی یه‌کتری کولتورێکه‌ که‌ دوژمنی هاوبه‌ش دروستی کردووه‌ و ئێمه‌ خه‌ریکین به‌ره‌که‌ی ده‌خۆین. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ ناحاڵیترین ته‌یفه‌کانی نێو ئۆپۆزیسیونی ئێراندا به‌ شێوه‌ی نه‌رم و شه‌رمێونانه‌ به‌رخورد بکه‌ین، به‌ڵام ئاماده‌ نین وجوودی هیزێکی ئاکتیڤ و به‌توانای وه‌ک په‌ژاک له‌ پاڵ ده‌ستی خۆماندا قبووڵ بکه‌ین. ئاخۆ ئه‌مه‌ چه‌نده‌ کارێکی نامه‌تقی و پڕ خه‌ساره‌؟
6. له‌م ئاوه‌لیڵه‌ی ئێستا زۆر که‌س و لایه‌ن ماسی مورادیان ده‌گرن و مه‌جالێکی زۆر بۆ که‌سانی بێ ریشه‌ و مه‌علومالحاڵ ده‌ڕه‌خسێ که‌ بێ ئه‌وه‌ی خه‌می هیچ کاره‌ساتێکیان له‌ دڵا بێت بێ په‌روایانه‌ ئاگری ئه‌م پێکهه‌ڵپرژانانه‌ خۆش ده‌که‌ن. زۆر که‌سی دۆڕاوی سیاسی که‌ له‌ نێو هیچ حزب و رێکخراوێکدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌‌ و ئێستا له‌ سایه‌ی سه‌ری ژیانی ئۆرووپانشینییه‌وه‌ کوردایه‌تی به‌ دار و به‌رد ئه‌فرۆشن وه‌ک توفه‌یلی له‌م زه‌لکاوه‌دا دێن و ده‌چن.
7. خاڵی کۆتایی روو به‌ رێبه‌رایه‌تی حدکا ده‌لێم، په‌ژاک وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی ساڵی 1979 چاو لێ مه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وکات به‌ ئه‌ده‌بیاتێکی نه‌شیاو و به‌ هه‌وڵدان بۆ بچووککردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ زه‌مینه‌کانی شه‌ڕی 5 ساله‌تان خۆش کرد، ئێستا ئیتر قبووڵ ناکرێ به‌و جۆره‌ له‌گه‌ڵ ره‌قیبی سیاسی خۆتان ره‌فتار بکه‌ن.
لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates