كوردستانی سەربەخۆ.. ئایا هاوپەیمانێكی نوێی ئیسرائیل بەڕێوەیە؟
ئاڵای کوردستان و ئیسرایل
لازار بێرمان
مانگی تەمموز، پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) ئاشكرای كرد كە دەیەوێ جۆرە فەرمانڕەواییەكی سەربەخۆ لە ناوچەكانی ژێردەستی خۆی لە باكووری خۆرهەڵاتی سووریا رابگەیەنێت.
سەركردەكانی PYD گوتیان ئەو سەربەخۆییە تەنیا بۆماوەی شەڕی ناوخۆ دەبێت، بەڵام ئەم هەنگاوە بەشێكە لە ئامانجی ئەو پارتە كوردییە تاوەكو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لەو ناوچانە بكاتە دەرەوە و بەمشێوەیە لە ئۆتۆنۆمی نزیكبێتەوە.
ئەو راگەیاندنەی PYD بووە جێی سەرنجی وڵاتانی دراوسێی سووریا كە نیگەرانن لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی. ئەحمەد داود ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی “هیچ قەوارەیەكی سەربەخۆ لە سووریا قبووڵ ناكەین. ئەمە تەنیا كێشەی زیاتر بۆ داهاتوو دروستدەكات”.
توركیا كە زۆرترین كوردی تێدا دەژیت، دەترسێ دووبارە نائارامی لە وڵاتەكەیدا سەرهەرڵبداتەوە. بۆیە دوای بەیاننامەكەی PYD، ژمارەیەكی زۆر سەربازی لەسەر سنووری سووریا جێگیركرد و رایگەیاند كە ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك.
لەكاتێكدا توركیا، عێراق و ئێران دژی زیادبوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی كوردن، شارەزایانی كورد و ئیسرائیلی پێیانوایە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك خەڵاتێك دەبێت بۆ ئیسرائیل.
ئەیوب نووری، رۆژنامەنووسی كورد پێیوایە “كورد تێگەیشتنێكی باشی هەیە بۆ ئیسرائیل. دەوڵەتێكی كوردی سوودبەخش دەبێت بۆ ئیسرائیل. هەروەها باڵانسی دەسەڵاتیش رادەگرێت. ئیستا، ئیسرائیل دەوڵەتێكە بەرامبەر بە چەندین دەوڵەت. بەڵام بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی، سەرەتا ئیسرائیل دۆستێكی راستەقینە لەهەرێمەكەدا بۆخۆی دەدۆزێتەوە. جیا لەوەش، كوردستان وەك بەربەستێكی بێلایەن دەبێت لە نێوانیان توركیاو ئێران و عێراق”.
كورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە. بەگوێرەی فاكتبووكی CIA (ماڵپەرێكی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئەمریكی كە زانیاری دەربارەی نەتەوە و وڵاتان تێدایە) ژمارەیان زیاتر لە 30 ملیۆن كەسە و بەسەر توركیا، ئێران، سووریا و عێراقدا دابەش بوون. شەش ملیۆن كوردی عێراق دەسكەوتێكی زۆر گەورەیان بەدەستهێناوە و لەساڵی 2005ەوە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی بەڕێوەدەبەن بەناوی هەرێمی كوردستان. بەڵام سەرەڕای گەشەسەندنی ئابووری و ئازادییەكی سەرسوڕهێنەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا پلانێكی كۆنكرێتی بۆ سەربەخۆیی دانەڕشتووە.
ئاخۆ كوردی سووریا دەبنە رێبەر بۆ دەوڵەتێكی كوردی؟ ئۆتۆنۆمییەكی كاتی یان ئامادەكاری بۆ دەوڵەت؟
كوردی سووریا گەورەترین كەمینەی نەتەوەیی ئەو وڵاتەن. بەگوێرەی داتای حكومەتی ئەمریكا، كورد 9% لەكۆی 23 ملیۆن دانیشتووی سووریا پێكدێنن. هەرچەندە زۆر یەكگرتوو نین، بەڵام توانیویانە تا ئاستێكی زۆر باش بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن لەو ناوچانەی كە تێیدا زۆرینەن. هێزی پۆلیس و تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەخۆیان هەیەو توانیویانە كۆت و بەندەكان لەسەر زمان و كولتووری خۆیان هەڵگرن.
راگەیاندنی ئۆتۆنۆمی لە ناوچە كوردییەكان دوای ئەوەهات كە كۆنتڕۆڵی تەواوی شارۆچكەی سەرێكانی-یان كرد و لەژێردەستی بەرەی ئەلنوسڕەی سەر بە قاعیدەیان دەرهێنا. ئەو گرووپە هەوڵیاندەدا فۆرمێكی توندوتیژانەی ئیسلامی بەسەر كوردانی میانڕەوی ئەو ناوچەیەدا بسەپێنن. پێكدادانەكانی چەند هەفتەی رابردوو لە نێوان چەكدارانی كورد لەلایەك و ئیسلامییە توندڕەوەكانی ئەلنوسڕە و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام لەلایەكی دیكە، بووە هۆی كوشتنی چەندین كەس لە هەردوولا. فەرماندە كوردەكان، سوپای ئازادی سووریاشیان تۆمەتبار كرد بەوەی چەكدار دەنێرن تاوەكو دژی كورد هاوكاری گرووپەكەی سەر بە قاعیدە بكەن. هۆشداریشیان دا لەئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان كورد و عەرەب.
بەڵام تائێستا روون نییە ئاخۆ كوردی سووریا چاویان لەوەیە دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێنن یان نا.
ساڵح موسلیم، سەرۆكی PYD، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ فرانس 24، دەڵێت “ئەم هەنگاوە بۆ جیابوونەوە نییە. تەنیا ساڵێكە ئێمە لە خاكی خۆماندا سەربەخۆین. خەڵكی ئێرە داواكارییان هەیە. ئیدارەیەكیان دەوێت تاوەكو كیشەكانیان چارەسەر بكات. نابێت بەمجۆرە پشتگوێ بخرێن”.
بەگوێرەی ئۆفرا بێنگیۆ، شارەزا لەكاروباری كوردستان لەزانكۆی تەلئەبیب، لە داهاتوویەكی نزیكدا سەربەخۆیی لە ئەجێندای كوردی سووریادا نییە “ PYD باسی سەربەخۆیی كوردستان ناكات. خۆی بەدوور دەگرێ لەبەكارهێنانی ئەم وشەیە تاوەكو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیكە لەدژی نەوەستنەوە. ئۆتۆنۆمی ئامانجێكی سەلامەتترە بۆ ئێستایان”.
گوتیشی “لەوانەشە ئەمە بەپێی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بگۆڕێت”.
بەڵام پێدەچێت سووریا لەوە تێگەیشتبێ كە كورد هەرگیز رێگەنادات جارێكی دیكە دیمەشق فەرمانڕەوایی بكات، تەنانەت ئەگەر لەسایەی سیستەمێكی فیدراڵیشدا بێت. ئەیوب نوری دەڵێت “بیرۆكەی سەربەخۆییش ئەگەری هەیە، چونكە هیچ پەیوەندییەكی دۆستانەی PYD نابینم لەگەڵ حكومەتی داهاتووی دیمەشق كە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێستاوە بەڕێوە دەبردرێت. من پێموایە كوردی رۆژئاوا وەك هەر گەلێكی دیكەی خاوەن دەوڵەت، سەربەخۆییان دەوێت، بەڵام حاڵی حازر ئەو بڕیارە لە دەستی ئەواندا نییە”.
هەرێمی كوردستان چاوەڕێی هەلێكە
تەنانەت ئەگەر PYDش پلانی نزیكبوونەوە لە سەربەخۆیی دانەنێت، گەشەكردنی ئۆتۆنۆمیەكەی و كاریگەری لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونێكی گرنگ دەبێت. چونكە هەرێمی كوردستان هاوسنوورە لەگەڵ كوردستانی سووریا.
كوردی هەرێمی كوردستان و سەركردەكانیان هاوسۆزن لەگەڵ كوردی سووریا و هاوكاری ئەو برایانەیان دەكەن تاوەكو خۆیان لەو هەڵە سیاسیانە بەدوربگرن كە ئەوان لەرابردوودا تێیكەوتن و نزیكەی 20 ساڵ بەرلەئێستا بووە هۆی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان.
لەكاتێكدا دەوڵەتی سووریا روو لە لەناوچوونە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هاوكاریكردنی دكتۆر و مامۆستا كوردەكانی سووریا و لە هەرێمی كوردستان دایاندەمەزرێنێ. خوێندكارانی كوردی سووریا دەتوانن لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان درێژە بەخوێندن بدەن. ئەمە لەكاتێكدایە كە حكومەتی بەشار ئەسەد پاسپۆرت و ناسنامەیان پێنادات. لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەشەوە دەیان هەزار كوردی سووریا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووەو لە ناوچەیەكی نزیك شاری دهۆك نیشتەجێن.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆڵی ناوبژیوانی بینیوە لەنێوان پارتەكانی رۆژئاوای كوردستان، بەتایبەتی PYD و ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی كە بەرەیەكی نزیكی پارتەكەی بارزانییە. تەنانەت بەشێك لە گەنجانی سووریا لە هەرێمی كوردستان مەشقی سەربازییان پێكراوە.
هەتا ئێستا، پەیوەندییەكە ئاڵۆزە. PYD لقێكی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) یەو زۆر جار وەك پاشكۆیەكی ئەو پارتە دەبینرێت. PKK تاوەكو گفتوگۆكانی ئاشتی ئەم دواییە، بەردەوام بوو لە شەڕكردن لەدژی توركیا و خۆیشی بە ركابەری بارزانی دادەنێت بۆ سەكردایەتیكردنی گەلی كورد. لەساڵی 1993، هەردوولا لەگەڵ یەكدی جەنگان. سەرەتای ئەمساڵیش، PYD نزیكەی 75 ئەندامی لە ئەلپارتی نزیكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستگیركرد. بارزانیش بە داخستنی دەروازەی سنووری وەڵامیدانەوە. لەم دواییەشدا PKK پشتگیری لەو پارتانەی هەرێمی كوردستان دەكرد كە دژی مانەوەی بارزانی بوون لە پۆستەكەی.
بێنگیۆ دەڵێت “كوردانی سووریا پێویستیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆئەوەی ناوبژیوانییان بكات. هەروەها، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێویستی بەوان هەیە بۆئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی و ببێتە سەنتەرێكی نەتەوەیی بۆ هەموو كورد”.
سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان ئەجێندا بۆ كوردی سووریا دیاری دەكات، بەدیهاتنی ئۆتۆنۆمی لە كوردستانی سووریا لەوانەیە كاریگەری لەسەر هەولێر هەبێت.
ئەیوب نوری پێیوایە “ئۆتۆنۆمی لەرۆژئاوا، هەرێمی كوردستان هەنگاوێك لە سەربەخۆیی نزیكتر دەكاتەوە، وڵاتانی درواسێ دژی بیرۆكەكەن و لەڕووی سەربازیشەوە بەهێزترن، بەڵام ئەگەر كوردی رۆژئاوا ئۆتۆنۆمی بەدەستبهێنن و فەرمانڕەوایی ناوچەكانی خۆیان بكەن، ئەوا هەرێمی كوردستان هەنگاوێك زیاتر لەسەربەخۆیی نزیك دەكەنەوە”. هاوسنووربوونی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیدارەیەكی كوردی، دەبێتە هۆی ئەوەی كە زیاتر هەست بە ئاسایش بكەن.
بۆ رای گشتی، سەركردەكانی كورد هەمیشە باسی یەكێتی عێراق دەكەن و دەڵێن لە دەستووری عێراق لانادەن. بەڵام شارەزایان پێیانوایە تەنیا چاوەڕێی هەلێكی باشن بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی.
سەلام سەعدی، سەرنووسەری هەفتەنامەی (رووداو) دەڵێت “خاڵە گرنگەكە ئەوەیە میزاجی گشتی لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێك گۆڕاوە كە تازە هیچ هێزێك ناتوانێ رازی بكات بەوەی بگەڕێتەوە سایەی فەرمانڕەوایی بەغدا. جیهانبینی كورد لەگەڵ عەرەبی عێراق جیاوازە و ئەم جیاوازییە لە 20 ساڵی رابردوودا زۆر گەورە بووە”.
لەكاتی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەساڵی 2005، بزووتنەوەیەكی لایەنگری سەربەخۆیی راپرسییەكی رێكخست. لەو راپرسییەدا دەركەوت 98% ی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەربەخۆیین.
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2012دا كە لەكوردستان بووم ، سەرنجم دا ئاڵای عێراق تەنیا لەسەر باڵەخانە حكومیەكان هەڵدرابوو. شۆفێرەكانی هەرێمی كوردستان ناوی “عێراق” لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان بە جۆرە لە زگەیەك دادەپۆشن كە لەسەری نووسراوە “كوردستان”.
بەڵام ئایا باجی ئەو بازە گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان چی دەبێت ئەگەر بە كردەوە بیهاوێ؟ بەهێزبوونی حكومەتی ناوەندی دەتوانێت دووبارە هەڕەشە بێت بۆ هەرێمی كوردستان. ئەیوب نوری دەڵێت “كورد تاهەتایە بەدگومانن لە عێراق و سەركردە عێراقییەكان. ئەو برینانەی بەهۆی چەندین دەیە لە كوشتن و ماڵوێرانییەوە لەسەر جەستەی كورد دروستبوون، چەندین سەدەی دەوێت تا ساڕێژ دەبنەوە”.
بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریكا جیاوازە
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە سەربەخۆیی كە توركیا و ئێران و عێراق لەدژی دەوەستنەوە، ئەوكاتە كاردانەوەی ئەمریكا گرنگ دەبێت. بێنگیۆ دەڵێت “پێم وانییە ئەو سێ دەوڵەتە جەنگ بەرپا بكەن ئەگەر واشنتن پشتگیری لەكورد بكات”.
بەڵام لەدوای رووخاندنی سەددام حوسێنەوە، ئەمریكا هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بووە كە عێراق بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە. سەلام سەعدی دەڵێت “ئەمریكا دەیەوێت نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە وەك خۆی بمێنێتەوە”.
لەو رووەوە، بەرژەوەندی ئیسرائیل پێچەوانەی هەڵوێستی ئێستای ئەمریكایە. ئیسرائیل مێژوویەكی دێرینی هەیە لەگەڵ كورد. لەساڵانی شەستەكان ئەفسەرانی مۆساد لە ئیسرائیلەوە نێردرانە كوردستان تاوەكو یارمەتی مەلا مستەفا بارزانی، سەركردەی مێژوویی كورد بدەن كە لە جەنگدا بوو لە دژی سوپای عێراق. كوردە نیشتمانپەروەرەكان، ئیسرائیل وەك نموونەیەكی سەركەوتوو دەبینن بۆ سەربەخۆیی كوردستان. چونكە كوردیش نەتەوەیەكی بچووكە و بە دوژمن دەورە دراوە.
ئیسرائیل هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتە ناعەرەبەكانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستووە و ئێستا پەیوەندی بەتینی لەگەڵ قوبرس، یۆنان، بولگاریا، وڵاتانی قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیا هەیە. كوردستان زۆر لەگەڵ ئەو چوارچێوەیەدا دەگونجێت.
دەكرێ دەوڵەتێكی كوردی تازە دامەزراو پەیوەندی دیپلۆماسی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. سەلام سەعدی پێیوایە “كورد تاكە گەلی ئەم ناوچەیەیە كە بەهەستی دوژمنایەتیكردنی ئەمریكا و ئیسرائیل پڕنەكراوە و بارگاوی نەكراوە. جیهانبینی كورد جیاوازە. بەگشتی لەجیهانی عەرەبیدا گوتاری زاڵ گوتاری ئیسلامیە كە پێیوایە شەریعەتی ئیسلام چارەسەرە، لەكاتێكدا زۆرینەی كورد شێوازی حوكمڕانی ئەوروپی بەنموونەی باڵای خۆیان دەبینن، بەڵام كێشەكەیان ئەوەیە نازانن چۆن بگەنە ئەوە، ئەزموون و شارەزاییان نییە”.
كورد دۆستێكی كەمی هەیە لە ناوچەكەدا و لەوانەیە چاوی لە هاوكاری ئیسرائیل بێت بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا. لەگەڵ بەلاداكەوتنی حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەنابردنی ئیسلامییەكان بۆ نانەوەی ئاژاوە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییان، هاوپەیمانێتی تاكە شتێكە كە سوود بە هەردوولا (ئیسرائیل و كورد) دەگەیەنێت.
سەرچاوە: مالپەڕی times of israel
پێدەچێت سووریا لەوە تێگەیشتبێ كە كورد هەرگیز رێگەنادات جارێكی دیكە دیمەشق فەرمانڕەوایی بكات
كوردە نیشتمانپەروەرەكان، ئیسرائیل وەك نموونەیەكی سەركەوتوو دەبینن بۆ سەربەخۆیی كوردستان
كورد دۆستێكی كەمی هەیە لە ناوچەكەدا و لەوانەیە چاوی لە هاوكاری ئیسرائیل بێت بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا.
http://rudaw.net/NewsDetails.aspx?PageID=18015
No comments:
Post a Comment