کاناڵێکی ئازەرییەکانی ئێران، چالاکانی کورد بە "تیرۆریست" ناو دەبات و بە تووندی هێرەش دەکاتە سەر کوردان.
NNSROJ: کاناڵی گوناز تیڤی، ئەو شێست چالاکە کوردەی کە نامەیان بۆ رووحانی نووسیوەی بە "تیرۆریست"و کوردەکانی پارێزگای ورمێشی بە "کۆچەر" پێناسە کردووە.
کاناڵی گوناز تیڤی، کە زمانحاڵی ئازەرییە توندڕۆکانی ئێرانە، لە هەواڵێکدا لەژێر سەردێڕی "نامەی ٦٠ کوردی تیرۆریست بۆ رووحانی"، هەڵوێستی توندی سەبارەت بە نامەی ئەو ٦٠ چالاکە کوردەی دانیشتوی پارێزگای ورمێ، نیشان داوە.
لە هەواڵەکەی گوناز تیڤیدا، "کورد"یش بە تیرۆریست پێناسە کراوە و سەرجەم کوردەکانی ئەو پارێزگایە بە"کۆچەر"گەلێک ناسراون کە بە پشتیوانی و هاوکاری "گرووپە تیرۆریستییە کوردییەکان" و "رەژیمی ئیسلامیی ئێران"، هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچەکە دەدەن.
ئەو کاناڵە تەلەڤیزیۆنییە کە لە شیکاگۆی ئەمریکاوە بەرنامە بڵاودەکاتەوە و لە لایەن تورکە توندڕۆکانی ئێرانەوە پشتیوانی دارایی و فکری دەکرێ، لە بەرنامەکانیدا، سەرجەم پارێزگای ورمێ، زۆربەی پارێزگای کوردستان و بگرە ئیلام و کرماشانیش بە "باشووری ئازەربایجان" دەزانێ و کوردەکانی رۆژهەڵاتیش وەک کەسانێکی ناخۆجێی "کۆچێندراو" پێناسە دەکات کە دەبێ "بەردەوام شوکرانەبژێری خانەخوێ تورکەکانیان بن".
هاوکات، رێکخراوێکی تری ئازەرییەکانی ئێران بەناوی "بزووتنەوەی خوێندکاری ئازەربایجان/ئازوح"یش لە بەیاننامەیەکدا، نووسەرانی نامە سەرئاوەڵاکەی بە "روودار"، "زێدەخواز" وەسف کردووە و هەڕەشەی لە کوردان کردووە کە لە جێگەی داواکردنی پۆستی ئیداری لەو پارێزگایە، لە فکری ئەوە دابن تا نەکا سبەی رۆژ، پاش"سەرهەڵدانی ئازادی"، گەلی ٣٥ میلیۆنی تورک، سنە و کرماشانیشیان لەچەنگ دەربێنێ.
هەر لەم رۆژانەدا، هەژمارێکی تر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ئازەرییە توندڕۆکانی ئێران، جگە لە دوو سەرچاوەی ئاماژەپێکراو، هەمان سیفەت و زاراوەیان دژ بە کوردانی دانیشتووی پارێزگای ورمێ بەکار هێناوە و هەڵوێستی توندیان بەرانبەر بە نامەی ٦٠ چالاکە کوردەکە بۆ رووحانی نیشان داوە.
چالاکانی ئاماژەپێکراو، لە بەشێک لە نامە سەرئاوەڵاکەیاندا، روو لە حەسەن رووحانی، سەرکۆماری نوێی ئێران، داوایان کردبوو کە ناوبراو کۆتایی بە "هەڵاواردن"ی کوردان لەم پارێزگایە بهێنێ.
No comments:
Post a Comment