Pages

Ads 468x60px

20 Nov 2012

بکوژه‌که‌ی فادیمه‌ ده‌ڵێ "ملوێنێک جار په‌شیمانم"


بکوژه‌که‌ی فادیمه‌ ده‌ڵێ "ملوێنێک جار په‌شیمانم" 

NNSROJ- ستۆکهۆڵم: بکوژی ئه‌و کچه‌ کورده‌ی ده‌ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، به‌ به‌هانه‌ی "پاراستنی شه‌ره‌ف‌" له‌ شاری ئوپسالای سوێد کوژرا، "ملوێنێک جار" په‌شیمانه‌ و داواش له‌ دادگه‌ ده‌کات حوکمه‌ ئه‌بده‌ییه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.




"ره‌حمی شاهینداڵ"، ئه‌و باوکه‌ کورده‌ی ده‌ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و به‌ به‌هانه‌ی "پاراستنی شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌" کچێکی خۆی کوشتبوو، رۆژی هه‌ینیی رابردوو له‌ دادگه‌ی "تینگس رێت"ی شاری ئۆرێبرۆی سوێد گوتی "یه‌ک ملوێن جار په‌شیمانم، ئه‌وه‌ی منی هاندا ئه‌و کاره‌ بکه‌م رێسا و دابونه‌رته‌کانی شه‌ره‌فپارێزی نه‌بوو".



فادیمه‌ شاهینداڵ، که‌ له‌ 21ی جێنیڤه‌ریی ساڵی 2002دا و له‌ته‌مه‌نی 26 ساڵیدا له‌ لایه‌ن باوکیه‌وه‌ گیانی لێ ئه‌ستێندرا، مانگه‌کانی به‌ر له‌ کوژرانی، مێدیاکانی سوێدی له‌و مه‌ترسییه‌ ئاگادار کردبۆوه‌ و له‌ لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌شه‌وه‌ پارێزگاریی لێ ده‌کرا. 



ناوبراو له‌ پاییزی ساڵی 2001دا، له‌ پارله‌مانی سوێد به‌شداری کۆنفڕانسێک بوو سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژیی دژی ژنان و دواتریش یه‌کێک له‌ میوانه‌ به‌رده‌وامه‌کانی پانێله‌ ته‌له‌فیزیۆنییه‌کان بوو سه‌باره‌ت به‌ کولتووری توندوتیژیی دژی ژنان.



بکوژی فادیمه‌ شاهینداڵ له‌ دانیشتنه‌که‌ی رۆژی هه‌ینیی دادگه‌دا گوتیشی "داوا ده‌که‌م حوکمه‌ ئه‌به‌دییه‌که‌م هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ و کاتی ئازادبوونم دیاری بکرێ"، به‌ڵام جێگری سه‌ردۆزگه‌ری دادگه‌ی ئۆرێبرو "په‌ر هێدمان" دژی ئه‌و داوایه‌ی بکوژه‌که‌ی فادیمه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێ "ئه‌م دزۆه‌ له‌ هه‌موو دۆزه‌کانی دیکه‌ جیاوازه‌، ناوبراو پێشتر قه‌ت سزا نه‌دراوه‌ به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن له‌و دۆزه‌ ده‌بێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێسا باوه‌کانه‌وه‌ لێی بڕوانین."



ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که‌ بکوژ "له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌ گرتووخانه‌دا، هیچ نیشانه‌یه‌کی په‌شیمانی له‌ خۆی نیشان نه‌داوه‌."



فادیمه‌ شاهینداڵ، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کوڕێکی سوێدی هه‌بوو و وه‌ک بۆخۆی ده‌یگوت "چوونکا ده‌مه‌وێ به‌و جۆره‌ بژیم که‌ خۆم حه‌ز ده‌که‌م"، تا کاتی کوژرانی له‌ شارێکی باکووری سوێد ده‌ژیا به‌ڵام رۆژی 21ی جێنیڤه‌ری، به‌مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ دایکی، سه‌ردانی که‌سوکاری کرد له‌ شاری "ئوپسالا" و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش له‌لایه‌ن باوکیه‌وه‌ گیانی لێ ئه‌ستێنرا.


دادگه‌ی شاری ئۆرێبرو به‌نیازه‌ له‌ 30 نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵدا بڕیاری خۆی له‌مه‌ڕ داواکه‌ی ره‌حمی شاهینداڵ ئاشکرا بکات.
-------------------
کوردەکانى ڕۆژهەڵات لەژێر ئاگرى شەڕى غەززەدا


NNSROJ، محەمەد چاوشین
لەنێو ڕەوەندى ئێرانیەکانى نیشتەجێى ئیسڕائیل کەمتر کەسانێک وەک کوردە ڕۆژهەڵاتیەکان لەدەوروبەر و نزيكى سنورەکانى کەرتى غەززە دا دەژین کە لەم ڕۆژانەدا بۆتە هێڵى پێشەوەى شەڕوپێکدادانەکانى نێوان ئیسڕائیل و حەماس.
لەوبەشەى دەشتى (نەقەب) ژمارەیەک کوردى ڕۆژهەڵاتى (ماڵپەڕى بى بى سى فارسى بە کوردەکانى ئێران ناویان دەبات) کە لەدەیەى 1950 ى زاینى بەرەو ئیسڕائیل کۆچیان کردووە و کۆمەڵگایەکى بچووکیان (موشاو) پێک هێناوە.
لەئیسڕائیل (موشاو) بە کێڵگەیەکى بچووکى هاوبەش و یەکسان دەگوترێ کە هاوشێوەى سیستمى نیمچە سۆسیالیستى لەو کێڵگەیەدا ئامڕازەکانى کار و کشتوکاڵ بەشێوەیەکى هاوبەش و وەک یەک بەڕێوە دەبردرێن بەڵام هەرخێزانێک خاوەنى زەوى و خانووى خۆیەتى.
ئەلیاس حەریرى 76 ساڵە و خێزانەکەى (مونیر) لە (موشاو ئیشبول) دا دەژین کە شوێنێکە کەوتوونەتە بەر سێرەى موشەکەکانى میلیشیا فەڵەستینیەکانەوە.
ئەلیاس حەریرى دەڵێ هێشتا هیچ موشەکێک ڕاستەخۆ بەر شوێنى نیشتەجێ بوونى ئەوان نەکوتووە و لەو بارودۆخە ئاڵوز و قەیراناویەش ترسێکیان نییە.
حەریرى دەڵێ"ئەگەر هێزەکانى ئیسڕائیل بچنە ناو کەرتى غەززەوە بارودۆخەکە خراپ دەبێ ، شەڕى دەستەویەخە ڕوودەدات ، بۆهەموولایەک خەراپ دەبێ ، بۆ ئیسڕائیلیەکان بۆ غەززە بۆهەموان. هیوام وایە ئەوەڕوونەدات".


"مەترسییەک لەگۆڕێدانییە؟"
لەوکێڵگە بچووکە هاوبەشدا، (پاتیش)کە ژمارەى دانیشتوانەکەى نزیکەى 300 کەس دەبێ، تەنها 15 کیلۆمەتر لەگەڵ کەرتى غەززە نێوانیانە.
(تلمبیل) کە شوێنێکى ترى کوردە ڕۆژهەڵاتیەکانە، ئەویش تەنها 20 کیلۆمەتر لە سنورەکانى کەرتى غەززەوە دورە.
عەسکەرزادە تەمەن 77 ساڵ لە تلمبیل ژیان بەسەردەبات.
ناوبراو دەڵێ "شوکر بۆخوا هیچ مەترسییەکمان لەسەر نییە.هیچ گۆڕانێک بەسەر ئێرەدا نەهاتووە.شەوان لەماڵەکانى خۆماندا دەمێنینەوە. هەندێک جار لەخەو هەڵمان دەستێنن و دەبێ خۆمان لە شوێنێکى هێمندا بشارینەوە. موشەکەکان بەر دەوروبەرمان دەکەون بەڵام تائێستا بەر(موشاو)ەکەمان نەکەوتووە".
زۆربەى موشەکى فەلەستینییەکان بەئاسمانى گوندە کورد نشینەکاندا تێدەپەڕن تا بگەنە شارەگەورەکانى وەک (بئر شبع).


لەشارى (بئر شبع)وە تاسنورەکانى کەرتى غەززە تەنها 40 خولەک ڕێگاى ئۆتۆمبێلە.
لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئەوشارە و دەوروبەرەکانى شار چەندین جار کەوتۆتەبەر هێرشى موشەکەکانى حەماس.
پژمان کە نیشتەجێى شارى بئر شبعە دەڵێ"یەک تۆز ترسانى ناوێ . یەک جار بەرت دەکەوێ. 
نازانى وێت دەکەوێ ناکەوێ... تۆزێک ئاگامان لەخۆمانە . لەسەر شەقامەکان زۆر ناسوڕێینەوە .هەوڵدەدەین بچینە شوێنێک کە پارێزراوبێ، شوێنى خۆ حەشاردانى لێ بێ کە ئەگەر ئامێرەکانى وریاکردنەوە دەنگیان بیسترا بچینە شوێنە پارێزراوەکان و خۆمان پەنادەین".
ناوبراو دەڵێ "ڕۆژانى پێشوو شار زۆر بەخەستى موشەک باران دەکرا . شەو ، نیوە شەو بۆردوومان دەکرا. بەڵام دووشەوێکە بێدەنگە و ئێستا تەنها ڕۆژانە بۆردوومانى دەکەن.

• لەماڵپەڕى فارسى (بى بى سى) وەرگیراوە.
----------------------------
ماندێلای کورد و ئەردۆغان

ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکیەوە؛ سەلاحەدین بایەزیدی
تا دێ باشتر لەوە تێدەگەین بۆچی خوا کە گیانی وە بەر هێلکەش ناوە، سەرجەم پێغەمبەر و موعجیزەکانی بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین ناردووە.
ئاخر رۆژهەڵاتی ناڤین ناوچەیەکە لە هەموو شوێنێ زیاتر پێویستی بە ‹کەلامی خوا’، نێردراوان و موعجیزەکانی ئەوان هەیە.
بە حیکمەتی خوا، مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە بە بێ بوونی ‹ئیشارە’یەکی گەورە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان خۆیان رووبەڕووی ئاستەنگیەکی زۆر دەبنەوە.
هەرچەند سەردەمی پێغەمبەرەکانیش بە سەر چووبێ، ‹موعجیزەکان› هەروا بەردەوامن.
لە ساتەوەختی شکانەوەی کێشەی کورد بۆ کێشەیەکی هەرە خوێناوی و گەورە لە تورکیا، کەسێک لە دوایین چرکەکان دا بە ‹موعجیزەیەک› گەڕایەوە.
‹حکومەت› کە وادیارە قیبلەنمای ئەقڵی شۆپاندوە، رێگەی بۆ موعجیزە خۆشکرد، بۆیە دەبێ هەموومان شوکرانە بژێر بین، بەڵام ئەوە عەبدوڵا ئۆجەلان بوو موعجیزەکەی بەدی هێنا.
ئەگەر ئەم مانگرتنە کۆتایی نەهاتبایە و ببوایە هۆکاری گیان لە دەست دانی مرۆڤێک، ئەوا هیچ کەس نەیدەتوانی پێش بە دەرئەنجامەکانی بگرێ.
ئەم رووداوەی دوایی، لە یەک کاتدا چەند راستیەکی نیشانی هەموو لایەک دا.
لەوانەیە ئەم راستیانە، بە تایبەت بە دڵی تورکە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکان نەبێ، بەڵام پشت گوێ خستنی ئەمانە یاخود رەتکردنەوەیان ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ واقعی زۆر لەمە خراپترمان تووش دەکا.
واقعی یەکەم ئەوەیە ئۆجەلان ناو و مەرجی هەرە گرنگە لە مەسەلەی کورد دا.
ئەمڕۆکە لە رووی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردەوە، هیچ کام لە سیاسەتمەدارانی تورک، سیاسەتمەدارانی کورد و بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیل، خاوەنی ئەو هێزە نین کە ئۆجەلان هەیەتی.
بێ بوونی ئۆجەلان ئەشێ شەڕ رووبدا، بەڵام بێ بوونی ئەو ئاشتی بەدی نایە.
بۆ جارێکی دی، ئۆجەلان ئەم راستیەی نیشانی هەموو لایەک دا.
دەبێ دان بەوەش دابنێین کە ئۆجەلان لە مەیدانی سیاسەت دا سەرۆکێکە رۆڵی ‹ئەستێرە’ی هەیە.
ئەو تایبەتمەندییەی ئۆجەلانی کردۆتە ئەستێرەیەکی سیاسی، توانای ‹بێدەنگ بوون› لە کاتی پێویست و نەترسان لە بزر بوونە لە پێش چاوان.
دەتوانێ خۆی بکشێنێتەوە بەڵام تەنانەت لە نەبوونیشی دا هەست بە ‹بوونی› دەکرێ.
لە رۆژی ئەمڕۆ دا، لەم وڵاتە هیچ کەس جگە لە ئۆجەلان ناتوانێ ئەم کارە بکا.
لە کەشوهەوایەک دا کە هەر کەسێ لە پێناو ‹بەرچاوبوونی’، خۆ لە دار و بەرد دەدا و سەرۆکەکانی تورک و کورد بێ راوەستان قسە دەکەن، ئۆجەلان لە ‹بیدەنگ بوون’یش دا دەتوانێ درێژە بە سەنگ و قورسایی خۆی بدا.
بەر لە هەموو شتێ، ئۆجەلان لە هەلومەرجی هەرە نامومکین دا سیاسەت بەڕێوە دەبا، دوانزە ساڵە لە زیندانە، هەن ئەو بەڕێوەبەرانەی پەکەکە دەیانەوێ بسەلمێنن بێ ئەو دەتوانن ‹شەڕ› بکەن، هەن ئەو سیاسەتمەدارە تورکانەی هەوڵی ‹سڕینەوە و فەرامۆش کردن’ی دەدەن، دەوڵەتێک هەیە هەوڵی ترساندنی دەدا و دواجار هەر هەموویان لە بەر دەرگای ئەو کۆ دەبنەوە و هەروا درێژە بە تایبەتمەندی بوون بە سەرکردەیەک دەدا کە چاوەڕوانی ‹چارە’ی لێدەکرێ.
لەو وڵاتانەی وەک ئێمەمان ‹شەڕی ناوخۆ’یان بینیوە، بەردەوام ئەو سەرۆکانەی ئاشتیان سەقامگیر کردوە، ناویان لە مێژوو دا تۆمار بووە و بە گشتی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ‹سەرۆکانە’ش لە نێو کەسانی راپەڕیو دەرکەوتوون.
ماندێلا لە باشووری ئەفریقا و گێری ئادامس لە ئیرلەند لەو کەسانەن ناویان لە مێژوودا تۆمار کردوە.
هێڵی قەدەری ئۆجەلان و هێڵی قەدەری ماندێلا تا دێ زیاتر و زیاتر لێک دەچن.
ماندێلاش فەرمانی زۆر چالاکی خوێناوی دابوو، ماندێلاش ساڵانێکی زۆر زیندانی بوو، ماندێلاش لە گرتووخانەوە پێڤاژۆی ئاشتی بەڕێوە بردبوو.
زۆر باش دەبێ ئەگەر لایەنی تورک چیتر سووکایەتی بە ئۆجەلان نەکا و لە بەردەم گەلەکەی پەنا بۆ ئیهانە کردنی نەبا.
روون و ئاشکرایە ئەگەر ئاشتیەک بەرقەرار بێ، لە ژێرەوە واژۆی ئۆجەلانی بە سەرەوە دەبێ.
دواجاریش، هەروەک بە سەرهاتی ماندێلا، ئۆجەلان دەخرێتە زیندانی ماڵەوە.
چونکە ناتوانن هەم چاوەڕوانی ئاشتیتان لە کەسێک هەبێ و هەم لە نێو حوجرەیەک دا بەندی بکەن.
ئەگەر چاوەڕوانی ئاشتیتان لەو هەیە، دەبێ رێز و حورمەتی پێویستیشی لێ بگرن.
ئەمڕۆکە هاوتایەکی سیاسی تورکمان نییە خاوەنی هەمان تایبەتمەندییەکانی ئۆجەلان بێ، چونکە ئەو، هاوکات لە نێو لایەنگرانی دا قارەمانێکی گەلە کە ‹خەباتێکی چەکداری› دەست پێکردوە.
کەسێک کە لە سەنگ و قورسایی دا لەو نزیکە، سەرکردەی تورک سەرۆک وەزیر ئەردۆغانە.
ئەردۆغانیش لە نێو لایەنی تورک دا، رەقیبێکی نیە خاوەن هەمان ئەو قورساییە بێ.
دیرۆک، دەرگای بۆ ئەردۆغان بۆ ئەوەی ببێتە ‹سەرکردەیەکی مەزن› بەردەوام کراوەیە، ئەو بە هەڵەکانی هەوڵی داخستنی دەرگاکە دەدا، بەڵام دیرۆک سەر لە نوێ شانسی پێ دەداتەوە.
ئێستا لە دوو لاوە دەرگای ‹سەرکردایەتیەکی مەزن› لە بەردەم ئەردۆغان کراوەتەوە.
هەم لە مەسەلەی کورد و هەم لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین دا دەتوانێ رۆڵێکی گەورە بگێڕێ.
ئەگەر رێزی پێویست لە ئۆجەلان بگرێ و رێگەی دانوستان هەموار بکا، کە لەوە دەچێ بکرێتەوە، وەک سەرۆکێک کە ئەم کێشەیەی چارەسەر کردوە، ناوی دەچێتە لاپەڕەکانی دیرۆکەوە.
لە رۆژهەڵاتی ناڤینیش، وەک رۆژنامەی هەرە گرنگ و ناسراوی ئیسرائیلی، هائارتێس نووسیویەتی، رەنگە ئەردۆغان تەنیا ناوێک بێ بتوانی لە رێککەوتنی ئیسرائیل – عەرەب دا ‹ناوبژیوانی› بکا.
سەرباری ئەو هەموو قەبە بوونەی نەتانیاهوو، ئیسرائیل موحتاجی دۆستایەتی تورکیایە.
ئەگەر تورکیا و ئەردۆغان، سەر لە نوێ ‹مەزهەبچێتی› ئەم دواییانەی سیاسەتی دەرەوە بگۆڕن بە سیاسەتێکی ‹ژیرانە’، لە رۆژهەڵاتی ناڤین ئەو ‹موعجیزە’یە روو دەدا کە هەمووان چاوەڕوانی دەکەن.
کلیلەکانی ئاشتی کورد و ئاشتی رۆژهەڵاتی ناڤین لەم وڵاتەن.
گەڕانەوەی ئەردۆغان بۆ دیموکراسی، سەرکەوتنێکی گەورەی سیاسی دەبێ بۆ خۆی و دەبێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری بەرچاو لە وڵات و ناوچەکە دا.
ئێرە مەملەکەتی موعجیزەکانە.
ئەگەر مێژوو دەستبەرداری چاوەڕوانیەکانی لە ئەردۆغان نابێ، ئێمەش وازی لێ ناهێنین.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates