Pages

Ads 468x60px

26 Nov 2012

هەوالەکانی رۆژئاوایی کوردستان بە فیلم


هەوالەکانی رۆژئاوایی کوردستان   بە فیلم 

/////////////////////////////
شەڕی کورد و عەرەب لە رۆژئاوای کوردستان/ تورکیا بە خەتابار دەزانرێ
NNSROJ:
ماوەی دوو هەفتەیە گرووپێکی چەکدار لە تورکیاوە کەوتوونەتە ناو رۆژئاوای کوردستان و هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردان دایە. دەگووترێ کە لە ئاکامی ئەو شەڕ و پێکدادانانەدا تا ئێستا دەیان کەس لە چەکدارانی هێرشبەر کوژراون و هەژمارێک لە هاوڵاتیانی کوردیش بوونەتە قوربانی.

ئاڵۆزییەکە لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە گرووپێک چەکداری نەناسراو، رۆژی ٨ی نۆڤامبری ٢٠١٢، بە چەکی قورس و زرێپۆشی نەفەرهەڵگر، لە سنووری تورکیاوە کەوتنە ناو رۆژئاوای کوردستان و دواتر هێرشیان کردە شارۆچکەی "سەریکانی".

شارۆچکەی ئاماژەپێکراو، ماوەیەکە وەک ناوچەیەکی ئازادکراو پێناسەدەکرێ و "یەکینەکانی پاراستنی گەل" کۆنترۆڵی دەکەن.

بە گوێرەی بەشی تورکی ماڵپەڕی بی بی سی، هێڕشەکە لە لایەن گرووپێک بە ناوی "یەکینەکانی شام" هاتە ئاراوە، گرووپێک، کە خۆی وەکوو بەشێک لە "سووپای ئازادی سووریا" پێناسەدەکات.

یەکینەکانی شام بەر لە هاتنە ناو رۆژئاوای کوردستان، لە شارۆچکەی "جەیلان پینار"ی سەر بە ئورفای باکووری کوردستان خۆیان سازماندابوو و دواتر بە چەکی قورس و زرێپۆش، هێرشیان کردبۆ سەر شارۆچکەی سەریکانی. 
ئەرتەشی تورکیاش هاوکات لەگەڵ هێرشی ئەو گرووپە چەکدارە، سەریکانی و دەوروپشتی تۆپباران کردبوو.
"
مستەفا ئیسماعیل"، رۆژنامەنووسی کورد کە ئێستا کە شاری "درباسییە"ی رۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، هەواڵەکەی بۆ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پشتڕاست کردەوە.

ناوبراو دەڵێ کە لەم رۆژانەی دواییدا، پێکدادانی قورس و بەردەوام لە نێوان YPG و چەکدارە هێرشبەرەکان لە ئارادابووە.

لە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوبدا بڵاوبۆتەوە، ئەو گرووپە چەکدارە، بەیاننامەیەک دەخوێننەوە و دەڵێن ئامانجیان ئازادکردنی حەسەکەیە و هەڕەشە لە پەیەدە دەکەن کە ناوچەکە بەجێ بهێڵێ و دواتر بە دروشمی "ئەللاهوئەکبەر" کۆتایی بە لێدوانەکەیان دێنن.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە دەڵێ کە "چەکدارانی هێرشبەر، لە بنکەیەکی نزیک بە "جەیلان پینار"ی باکووری کوردستان جێگیربوونە و لەوێوە، سەریکانی تۆپباران دەکەن".

"
سەرکان ئۆجاک" رۆژنامەنووسی تورک، خۆی لە نزیکەوە شایەتی پێکدادانەکان بووە و لە وتارێکدا کە لە بی بی سی تورکی بڵاویکردۆتەوە دەڵێ کە هێرشی یەکەمی چەکدارە عەرەبەکان بۆ سەر شارۆچکەی سەریکانی، نزیک بە دوو رۆژ و نیوی خایاندووە.

هەر ئەوکات، یەپەگە رایگەیاندبوو کە دەیان چەکداری هێرشبەریان کوشتووە. 
هەفتەی رابردوو، فڕۆکەجەنگییەکانی سووریاش بە بیانووی هێرش بۆ سەر چەکدارانی دژبەر، بۆمبارانی چەند خاڵی هەستیاری ئەو شارەی کرد و هەژمارێک هاوڵاتی سڤیلی کردە قوربانی.
رۆژی دووشەممە، ١٩ی نۆڤامبریش، "عابید خەلیل"، بەرپرسی "ئەنجومەنی گەل" لە سەریکانی و هاوڕێیەکی تری، لە لایەن چەکدارانی عەرەبەوە کوژراو و ئەمەش پەرەی بە شەڕ و پێکدادانەکان دا.

مستەفا ئیسماعیل هەر لەمبارەوە بە NNSROJی راگەیاند کە "یەکینەکانی پاراستنی گەل" توانیویانە هێرشی چەکدارانی سەر بە سووپای ئازادی سووریا تێکبشکێنن و هەژماری زۆریان لێ بکوژن. ناوبراو دەڵێ هەر کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، رۆژنامەنووسێکی کورد بە ناوی "هۆزان مەحموود"، کە خەڵکی قامیشلوویە و بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێکی لە هەرێمەکە بوو لە ئاکامی تۆپباراندا بریندار بوو و دواتر بە هۆی قورسی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

"
ریاز ئەسەد"، لە بەرپرسانی باڵای سەربازی دژبەرانی رەژیمی سووریا، لە وتووێژێکدا رایگەیاندبوو کە "ئەو کەسانەی کە هێرشیان کردۆتە سەریکانی، چەکدارانی سەر بە سووپای ئازادی سووریا نین".

"پارتی یەکێتی دێمۆکراتیک" و "یەکینەکانی پاراستنی گەل"، تورکیا بە خەتابار و پلانداڕێژی ئەو هێرشانە دەزانن. 

پێشووتر، بەرپرسانی تورکیا لە چەندین لێدوانی جیاوازدا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستانیان کردبوو. 
تورکیا، پەیەدە بە باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رۆژئاوا دەبینێ و هێزگرتنی ئەو حیزبە، دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێ.
هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە، ئەرتەشی تورکیا، سنوورەکانی خۆی لە نزیک سەریکانی، بە تانک و زرێپۆش و تۆپی دوورهاوێژ ئاخنیوە.
ماڵپەڕی ئاڤێستاش لە هەواڵێکدا رایگەیاندووە کە ٢٠٨ چەکداری عەرەبی سەر بە دوو گرووپی"یەکینەکانی شام" و "ئەلنەسرا"، دوێنێ چوارشەممە، جارێکی تر و لە تورکیاوە هێرشیان کردۆتە سەریکانی و یەپەگە بەرەنگاریان بۆتەوە.وێنەی چەکدارانی هێرشبەر لە ناو سنوورەکانی تورکیاسەرچاوەکانی نزیک لە یەپەگەش دەڵێن کە ئەمڕۆ، پێنجشەممەش، هێرشێکی دیکەی چەکدارە عەرەبەکانیان تێکشکاندووە. یەپەگە ئەو چەکدارانە بە "چەتە" ناو دەبات و دەڵێ هێزێکی زۆری لەشارەکانی تری رۆژئاوای کوردستانەوە بۆ پاراستنی سەریکانی رەوانەکردووە.

لە لایەکی ترەوە "ڤیکتۆریا نۆلەند"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڤی ئۆ ئەی راگەیاندووە کە"کابینەی ئۆباما حەز دەکات کە کوردەکانی پشتیوانییەکی پتەوتر لە ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا و دژبەرانی ئەسەد بکەن". ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە "هاوڵاتیانی کورد و عەرەبی سوننی، لە بەشێک لەو هەرێمە ئازادکراوانە، بێ کێشە لەگەڵ یەک دەژین. ئێمە حەز دەکەین کە سووریا بەو ئاراستەدا هەنگاو بنێ".

هاوکات تورکیا، بە فەرمی داوای لە ناتۆ کردووە کە سیستەمی قەڵغانی دژەموشەکی لە سەر سنووری ئەو وڵاتە و سووریا جێگیربکات.

نیگەرانی تورکیا لە هێرشی موشەکی سووریا بۆ سەر ئەو وڵاتە راگەیاندراوە.

پشتیوانی هەمەلایەنەی تورکیا لە چەکدارانی دژبەری ئەسەد، پێوەندییەکانی ئانکارا و شامی لە هاوینی ساڵی رابردووەوە تووشی قەیران کردووە.
ئا: مەسعوود مەناف

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates