Pages

Ads 468x60px

20 Nov 2012

کوردستان و ئیسرائیل لەناو دڵى وڵاتانى ئیسلامیدا بەرەو کوێ

کوردستان و ئیسرائیل لەناو دڵى وڵاتانى ئیسلامیدا بەرەو کوێ

نوسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا...

هەرچەند بیر لە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و ئیسرائیل دەکەمەوە، هیچ هۆکارێک نادۆزمەوە لەوەى بمگەیەنێتە ئەو بڕوایەى هەرێمى کوردستان پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبێت، ئەگەرچى ئەو قەناعەتەى من بۆم دروست بووە لەوەى کورد پەیوەندى ژێربەژێرى لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت لەسەر ئاستى دیبلۆماسى و میدیاییەوە هیچ سەرەداوێکى ئاشکراى ئەو جۆرە پەیوەندیەى نێوان هەرێم و ئیسرائیل دیار نییە بەشێوە ئاشکراکەى، ئەمەش هۆکارەکەى بۆ لاوازى سیاسییەکانى کورد دەگەڕێتەوە بەو پێیەى ئەگەر ئیمە پەیوەندیمان بە ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت رووبەڕووى مەترسى دەرەکى دەبینەوە کە مەبەست لێى وڵاتانى ئیسلامى و عەرەبییە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەگەر ئەمە هۆکارى شاراوەی پەیوەندى ئێمە و ئیسرائیل بێت، بەدڵنیاییەوە یەکێکە لەو خاڵە لاوازانەى کوردستان دووچارى بۆتەوە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوچەکەدا، ئاخر ئیمە بەدرێژایی مێژوو لەلایەن دراوسێ ئیسلامییەکانمانەوە دووچارى چەوساندنەوەو داگیرکارى و کوشتنى بە کۆمەڵ بووینەتەوە، کەواتە کورد پێویستە لەمەودوا بەشێوەیەکى تر و بەدواى پەیوەندى دیبلۆماسى لەگەڵ وڵاتى تردا بگەڕێت و چیتریش نەکروزێتەوەو دەستەواژەى چەوسانەوەو غەدرلێکران لە میدیاکان پەخش نەکات، بەڵکو ئەوەى لە ئێستاکەدا بۆ بەهێزبوونى کورد گرنگە سیاسەتێکى بوێرانە و پەیوەندى بەستن لەگەڵ ئەو وڵاتانەى لەگەڵ عەرەب و وڵاتانى ناوچەکەدا کێشەیان هەیە، چونکە ئێمە لەو ناوچەیەدا ئەزموونمان هەیە و باش دەزانین ئاییندەى کوردستان لەگەڵ عەرەب و فارس و تەنانەت تورکەوە قەیراناوییەو لە وەها حاڵێکیشدا گرنگە کوردستان پەیوەندییەکانى خۆى بە ئاشکرا ببەستێت وەک چۆن بەریتانیا پەیوەندى خۆى لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا و سوریا لەگەڵ رووسیا و سعودیە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپى لەگەڵ یەکدا لەسەر ئاستى میدیایی و نێودەوڵەتیدا بە ئاشکرا باس دەکەن، ئاواش پێویستە کورد لەگەڵ ئیسرائیلدا پەیوەندى خۆى ببەستێت، چونکە ئیسرائیلیش هەمان غەدریان لێکراوە لەلایەن وڵاتە ئیسلامییەکانەوە، ئەگەرچیش نەیانتوانیوە شکست بە ئیسرائیلییەکان بهێنن، لەکاتێکدا بەهەموو هێز و توانا مرۆیی و سیاسى و ئابوورى و سەربازى و ئایینییەکانیانەوە ئیش لەسەر ئەوە دەکەن شکست بە ئیسرائیل بهێنن، کەچى بە پیچەوانەوە زیاتر ئەو وڵاتە بچووکە جولەکەیە لەناو دڵى وڵاتانى ئیسلامى بەهێزتر دەبێت و دۆخى عەرەبى ئیسلامى بەرانبەر بەهێزبوونەکانى ئیسرائیل لە لاوازیدایە، کەواتە ئیسرائیلییەکان زۆر باش رێز لە پەیوەندى ئێمە دەگرن، بەوپێەى ئێمەش وەک ئەوان کیشەمان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبیدا هەیەو لەراستیشدا بێ پشتگیرین لەناوچەکەدا، بەدیوێکى تریشەوە گرنگی پەوەندى ئیمە لەگەڵ ئیسرائیلدا لەوەدایە سەرەڕاى بچووکى لەرووى رووبەر و کەمى ژمارەى دانیشتووانى ئیسرائیل لەچاو وڵاتانى عەرەبیدا کەچى بەهێزترین دەوڵەتى ناوچەکەیە لەرووى چەک و تەکنەلۆژیاى سەربازییەوە، بۆیە زۆر گرنگە ئەگەر کورد لەپێناوى بەرژەوەندییەکانى خۆیدا دەست لەگەڵ ئیسرائیلدا تێکەڵ بکات و تەنانەت پێشمەرگە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە مەشقى سەربازیشیان پێ بکرێت، ئەمەش دەبێت لایەنى ئایینى بەهەموو شێوەیەک بەلاوە بنرێت، چونکە ئایین بەدرێژایی مێژووى خۆى نەیتوانیوە سوود بە پەیوەندى ئێمە بگەیەنێت لەگەڵ دراوسێ هاوئایینەکانماندا، بەڵکو ئایین هۆکارێکیش بووە لە سڕینەوەى ئینتیماى نەتەوەییمان و گۆڕینەوەى بە هەستى ئایینى، ئاخر من چى لە ئایین بکەم کاتێک بەردەوام هاونیشتمانییەکانم هەڕەشەى کوشتن و داگیرکارى خاک و هێرشى سەربازیان لەسەر بێت، کەواتە بەرژەوەندى هاونیشتمانییەکانم لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە، بۆیە پێویستە کورد سل لە درکاندنى پەیوەندییەکانى نەکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانى تردا، ئەوکاتە هێز و توانا بۆ کورد دەگەڕێتەوەو وەک هێزێکى حیساب بۆ کراو لەناوچەکەدا هاوشێوەى ئیسرائیل سەیرى دەکرێت.
ئاخر ئیسرائیلیش پێویستى بە قەوارەیەکى سیاسى بەهێز هەیە لەناوچەکەدا پشتگیرى بکات، لە وەها شتێکیشدا کورد دەتوانێت باشترین پاڵپشتى ئیسرائیل بێت لەبەرانبەر نەیارەکانیاندا کە وڵاتانى ئیسلامین، ئەوکاتەش هەم ئیسرائیل و هەم کوردستانیش بەهێزتر دەبن، کەواتە گرنگە سیاسییەکانى کورد بەدواى بەدیلى تردا بگەڕێن بۆ پاڵپشتى لە دۆزى رەواى کورد، ئەوەتا مالیکى خەریکە هێز رەوانەى خاکە داگیرکراوەکانى کوردستان دەکات و یەک وڵاتى عەرەبی ئیسلامى نایەتە دەنگ لەبەرانبەر ئەو پێشێلکاریە دەستووریانەى مالیکى پیاوە شکستخواردووەکەى ئیران دەیکات و بەردەوام وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کورد و ئەزموونەکەى لە بۆسەدایە.
سەرچاوە پینۆسەکان

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates