ویكیلیكس چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌باره‌ی مەلا مسته‌فا بارزانی و نیكیۆی
1974 بڵاوده‌كاته‌وه
داوای مافی په‌نابه‌رێتی له ئه‌مریكا كردووه بۆ خۆیی و خێزانه‌كه‌ی"
ویكیلیكس چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌باره‌ی مسته‌فا بارزانی و نیكیۆی 1974 بڵاوده‌كاته‌وه
پێگه‌ی ویكیلیكس زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 700 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی تایبه‌ت به‌كارو چالاكیه دیبلۆماسی و
هه‌واڵگریه‌كانی ئه‌مریكا له ماوه‌ی ساڵانی 1973 تاكو 1976 بڵاوده‌كاته‌وه، سه‌باره‌ت به عێراق و كوردستانیش، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی نسكۆی شۆڕشی مسته‌فا بارزانی ئاشكرا ده‌كات، ده‌شڵێت، بارزانی بێهیوایی خۆی له بارودۆخی ئه‌و كاته‌ی كوردستان ده‌ربڕیوه و له‌ژێر فشاری ئێران‌دا داوای له پێشمه‌رگه كردووه چه‌ك دابنێن و داوای مافی په‌نابه‌رێتیشی له ئه‌مریكا كردووه بۆ خۆیی و خێزانه‌كه‌ی .
دوای ئه‌وه‌ی پێگه‌ی ویكیلیكس زیاتر له 250 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی دیبلۆماسی ئه‌مریكای له‌ساڵی 2010 بڵاوكرده‌وه، ئه‌مڕۆ جولیان ئاسانژی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و پێگه‌یه كه‌ئێستا له‌باڵیۆزخانه‌ی ئیكوادۆر له‌شاری له‌نده‌ن ده‌ژی، له‌هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا زیاتر له 1 ملیۆن و 700 هه‌زار به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌كاروچالاكیه دیبلۆماسی و هه‌واڵگریه‌كانی ئه‌مریكای له‌ماوه‌ی ساڵانی 1973 تاكو 1978 بڵاوكرده‌وه.
ئه‌وه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره ئه‌و قسه‌و باسانه به‌شێوه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی باوه‌ڕپێكراو بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و تیایدا سه‌باره‌ت به‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان هاتوه، دوای ئه‌وه‌ی شای ئێران له‌ئیمزاكردنی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر له‌رۆژی 6 ی ئازاری 1975 گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌رۆژی 8 ی ئازار چاوی به ریچارد هێڵمزی باڵیۆزی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا له‌شاری تاران كه‌وتوه‌و له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا 2 هۆكاری بۆ ئیمزاكردنی رێكه‌وتنامه‌كه خستۆته‌روو:
یه‌كه‌م، مسته‌فا بارزانی به‌ر له‌ئیمزاكردنی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر له‌نامه‌یه‌كدا به شای ئێرانی راگه‌یاندوه، چیتر شه‌ڕكردنی كورد له‌به‌رامبه‌ر سوپای عێراقدا كارێكی مه‌حاڵه و ده‌بێت تاران چه‌كی قورس و هاوكاری سه‌ربازی پێشكه‌ش به بارزانی بكات.
دوه‌م: سه‌دام حسێن له‌رێگه‌ی راوێژكارێكی ئه‌نوه‌ر ساداته‌وه به شای ئێرانی راگه‌یاندوه، كه ئاماده‌ن له‌ژێر هه‌ژمونی سۆڤیه‌ت بێته ده‌ره‌وه به‌و مه‌رجه‌ی ئێران فشاره‌كانی له‌سه‌ر عێراق هه‌ڵبگرێت.
هاوكات شای ئێران و سه‌دام حسێن به‌پێی ئه‌و نامه‌یه‌ی كه باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌رۆژی 10 ی ئازار ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كردوه، رێكه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری هه‌ردو وڵات به‌هاوبه‌شی كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كوردی باش و خراپ له‌یه‌كتر جیابكه‌نه‌وه.
له‌به‌شێكی تری به‌ڵگه‌نامه‌كانی ویكیلیكسدا هاتوه، مسته‌فا بارزانی له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست كه له‌شه‌وی 19 ی ئازار له‌باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی ئه‌نجامیداوه، بێهیوایی خۆی له‌به‌رامبه‌ر بارودۆخی ئه‌و كاته‌ی كوردستاندا ده‌ربڕیوه‌و رایگه‌یاندوه، له‌ژێر فشاری شای ئێران‌دا داوای له‌هێزی پێشمه‌رگه كردوه چه‌ك دابنێن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی كه رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه، هه‌ندێك له‌پێشمه‌رگه‌كان خۆیان راده‌ستی سوپای ئێران كردوه‌و هه‌ندێكی تریشیان له‌دژی فه‌رمانه‌كه‌ی بارزانی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌و پێیانباشبوه له‌چیاكان بمێننه‌وه‌و به‌رده‌وامبن له‌خه‌بات.
ویكیلیكس ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، له‌كاتێكدا دیبلۆماتكارو راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ئاگاداری پێشوه‌خته‌ی ئیمزاكردنی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر بون، به‌ڵام بارزانی بێ‌ئاگا له پلانه‌كه‌ی عێراق و ئێران داوای یارمه‌تی سه‌ربازی له‌شا كردوه‌و له‌كاتی ئاگاداربونیشی له رێكه‌وتنامه‌كه، ده‌ستبه‌جێ له‌رێگه‌ی واشنتۆن پۆسته‌وه داوای هاوكاری و پاراستنی له ئه‌مریكا كردوه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی داوای له ئه‌مریكا كردوه مافی په‌نابه‌رێتی به‌خۆیی و خێزان و كه‌سه نزیكه‌كانی بدات .
http://www.rojikurd.net
No comments:
Post a Comment