ڕاگەیاندنی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بە هێرش و سوکایەتی بۆ سەر ڕێکخراوەکان و چالاکوانەکانی کۆمەڵگەی.
ڕۆژی یەک شەممە ٣١ی ئازار ٢٠١٣لە قاوەخانەی کلتوری لە شاری سلێمانی کۆبونەوەیەکی بەرفراوان لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی نوسەر ، ڕۆشنبیر ، چالاکوانانی نێو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان ، ڕێکخراوە جەماوەریەکان و میدیاکارانەوە وە بە ئامادەبوونی چەند ئەندام پەرلەمانێک ڕێکخرا بۆ گفتوگۆ و دانانی بەرنامەکارێک بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەو هێرش و سوکایەتیانەی کە ڕۆژانە دەکرێنە سەر ماف و ئازادیەکانی خەڵک لەلایەن هەندێ لە پیاوانی ئاینی و مەلاکانەوە کە بوەتە دیاردەیەکی مەترسیدار بۆسەر مەدەنیەتی کۆمەڵگەی مەدەنی
لەوانەش باس لە ووتەکانی (مەلا مەزهەر) ، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی (قادر بلە)یە لە شاری هەولێر کرا کە لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاوێنە) رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە "کۆمەڵە (گا) مەدەنی" ناودەبات و رێکخراوەکانی ژنانیشی بە "بەدڕەوشت" وەسفکردوە. هاوکات مەلا کامران علی خواڕهحم ڕایگەیاندوە کە مەلا مهزههر تهنها نیهو ههمووان لهگهڵی هاو ههڵوێستن. کۆبونەوەکە لە ئەنجامدا کۆدەنگی کرد لەسەر ئەوەی کە پێویستە وەک بەرەی ئازادیخواز و مۆدێرنی خەڵکی کوردستان لەئاست ئەم هێرش وبێڕیزیانەدا هەڵوێست نیشان بدرێت و ناڕەزایەتی بەڕووی ئەم سوکایەتیانەدا بە فراوانی دەرببڕدرێت و دەسەڵاتداران وادار بکرێن کە سنور و بەربەست بۆ ئەم مەلایانە دابنێن و ڕوبەڕوی سزاو دادگایی بکرێنەوە.
لە ئەنجامدا کۆبونەوەکە لیژنەیەکی پێکهێنا لە بەشداربوان بۆ بە دواداچوونی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە :
١- گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بۆ دادگایی مەلا مەزهەر بە تاوانی سوکایەتی و ئیهانە کردن بە ڕێکخراوەکان و چالاکوانەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان بە پێی یاسای سزادانی عێراقی و لەڕێگای داواکاری گشتیەوە.
٢-ئامادە کردنی نامەیەکی ناڕەزایەتی کراوە کە ئاراستەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکرێ و تیایدا داوای هەڵوێست نیشاندان و بەرپرسیارێتیان لێبکرێت بەرامبەر بەهێرشی ئەو مەلایانە بۆ سەر مەدەنیەت و ئازادیخوازی خەڵک.
٣-پەیوەندی کردن بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و لایەنەکانەوە بۆ دەستپێکردنی کاری ڕاگەیاندن دژ بەم هێرش و سوکایەتیانە کە دەکرێتە سەر ئازادی ڕادەربڕین و ژنان و ڕۆژنامەگەری و مافەکانی خەڵکی کوردستان.
داواکارین لە هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و ڕۆژنامەنوسان وئەندام پەرلەمان و لایەنە سیاسی و جەماوەریەکان کە هاوکاری و پشتیوانی لەم هەنگاوەی بەرەی ئازادیخوازی لەکوردستاندا بکەن بۆ کۆتایی هێنان بە هەر سوکایەتی و بێڕێزی و هێرشانە کە دەکرێتەسەر تاک و کۆمەڵی خەڵکی کوردستان.
لیژنەکە ڕاستەوخۆ دوای ئەم کۆبونەوەیە دەست دەکات بە هەنگاوە عەمەلیەکانی .
No comments:
Post a Comment