Pages

Ads 468x60px

10 Feb 2013

له‌ حه‌له‌ب دوو شه‌ڕڤانی YPG ژیانیان له‌ده‌ستدا


له‌ حه‌له‌ب دوو شه‌ڕڤانی YPG ژیانیان له‌ده‌ستدا
یه‌کینه‌کانی YPG له‌ شاری حه‌له‌ب رایانگه‌یاند که‌ شه‌ڕ و پێکادان به‌رده‌وامه‌ و له‌ماوه‌ی شه‌ڕی سێ رۆژی رابردوودا زیاتر له‌ (36) سه‌ربازی سه‌ر به‌ رژێم کوژراون و (70) ی تریش برینداربوون. هه‌روه‌ها دوو شه‌ڕڤانی YPG له‌و شه‌ڕانه‌دا ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و (15) شه‌ڕڤانی تریش برینداربوون، YPG رایگه‌یاند که‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ شه‌ڕڤانه‌کانیان پچڕاوه‌ . 


لیوای ( شه‌هیدانی حه‌له‌ب )ی YPG سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕ و پێکدادانی سێ رۆژی رابردوو له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌شرفییه‌ی کورد نشین له‌ شاری حه‌له‌ب، لێدوانێکیاندا و رایانگه‌یاند هێزه‌کانی رژێم له‌ رۆژی 31ی کانوونی دووه‌می 2013 دا به‌ فڕۆکه‌ی جه‌نگی هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر گه‌ڕه‌کی ئه‌شره‌فییه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌گشتی (23) که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و (40) که‌سی تریش برینداربوون، YPG ده‌ستنیشانی ده‌کات که‌ رژێم به‌و هێرشه‌ی هه‌وڵی داگیرکردنی گه‌ڕه‌که‌که‌یان داوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش یه‌کینه‌کانیان ناچاربوون وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ بده‌نه‌وه‌ و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ بپارێزن . 



له‌ لێدوانه‌که‌ی لیوای ( شه‌هیدانی حه‌له‌ب ) ی YPGدا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ یه‌کینه‌کانی YPG له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنج شه‌ممه‌ 7ی شوبات له‌دژی سه‌ربازگه‌ی رژێم له‌ ئه‌شره‌فییه‌ و چوار رێیانی سه‌ره‌کی گه‌ڕه‌که‌که‌ ده‌ستیان به‌ ئۆپه‌راسیۆن کردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕ و پێکادانی سه‌خت رویداوه‌، هه‌روه‌ها رایانگه‌یاندووه‌ که‌ هێزه‌کانی رژێمی ئه‌سه‌د له‌و شه‌ڕانه‌دا چه‌کی قورسی وه‌کو ( تانک، دۆشکه‌، هاوه‌ن .. هتد ) یان به‌کارهێناوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش زیانێکی زۆری گیانیان لێکه‌وتۆته‌وه‌. له‌ لێدوانه‌که‌دا هاتووه‌ :" له‌ پێکدادانه‌کاندا هێزه‌کانی رژێم زیاتر له‌ (20) کوژراو و (40) برینداریان لێکه‌وتۆته‌وه‌ و ناچاربوون هه‌ندێک شوێن به‌جێبهێڵن. " هاوکات YPG رایشیگه‌یاند که‌ له‌و شه‌ڕانه‌ی رۆژی یه‌که‌می ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا (5) شه‌ڕڤانیان به‌ سوکی برینداربوون . 

سه‌باره‌ت به‌ پێکادانه‌کانی رۆژی دووه‌میش YPG رایگه‌یاند:" له‌ رۆژی دووه‌مدا هێزه‌کانی رژێم هه‌وڵیاندا په‌لاماری گه‌ڕه‌که‌که‌ بده‌ن، به‌ڵام رووبه‌ڕووی به‌رخۆدانی YPG بوونه‌وه‌ و ناچاربوون پاشه‌کشه‌ بکه‌ن، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و پێکدادانه‌شدا زیاتر له‌ (15) سه‌رباز کوژران و (30)ی تر برینداربوون . هاوکات له‌ شه‌ڕه‌کانی رۆژی دووه‌مدا (10) شه‌ڕڤانی YPG برینداربوون . " 
له‌به‌رده‌وامی لێدوانه‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ شه‌ڕڤانێکی YPG به‌ناوی ( مونیز یوسف ) ناسراو به‌ ( جیلۆ ) به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه‌ ژیانی له‌ده‌ستداوه‌ و رایانگه‌یاند که‌ په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌ شه‌ڕڤانه‌کانیان پچڕاوه‌ و زانیارییان له‌باره‌وه‌ به‌ده‌ست ناکه‌وێت .
YPG سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی دوێنێش وتی :" رۆژی شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 9ی شوبات کۆمه‌ڵێک لایه‌نگری رژێمی به‌عس له‌ هه‌رێمی شیقاق په‌لاماری بازگه‌یه‌کی یه‌کینه‌کانی YPG یان دا و پێکدادان رویدا، له‌ ئه‌نجامدا لایه‌نگرێکی رژێم کوژرا و ناچار بوون پاشه‌کشه‌یان کرد . " هه‌روه‌ها راگه‌یه‌نراوه‌ که‌ له‌ پێکدادانه‌کاندا شه‌ڕڤانێکی YPG به‌ناوی ( وڵات عیسا ) ناسراو به‌ ( شۆڕش ) ژیانی له‌ده‌ستداوه‌ . 
له‌کۆتایی لێدوانه‌که‌یدا YPG ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ رژێمی ئه‌سه‌د هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و شه‌ڕه‌کانی له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌شره‌فییه‌ به‌رده‌وامه‌ و هه‌ره‌ها جه‌ختیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ YPG تا کۆتا له‌دژی هه‌موو هێرشه‌کان به‌رخۆدانی بێ وێنه‌ نیشانده‌دات و به‌ڵێنی خۆیان دووپات کردۆته‌وه‌ . 
http://so.firatajans.com

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates