Pages

Ads 468x60px

7 Mar 2013

پەیامی پیرۆزبایی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" بە بۆنەی (8) ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان


پەیامی پیرۆزبایی "پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" بە بۆنەی
 (8) ی مارس،  رۆژی جیهانیی ژنان



دەتوانین مانگی مارس بە مانگی نوێبوونەوە و بووژانەوە و تەنانەت ناڕەزایەتیی سروشتیش بەرانبەر سڕوساردیی ژیان دابنێین و هەر لە سەرەتاكانیەوە "رۆژی جیهانیی ژن" كێشە چارەسەر نەكراوە مێژووییەكەی جیاوازیی رەگەزی و چەوسانەوە دێنێتەوە بەرباس و لە نەورۆزەكەشیدا ئیتر دەگاتە لووتكە. چونكا رۆژی نەورۆز رۆژی ئاوەدانیی رۆحی نەتەوە هەرە چەوساوەكەی گۆی زەوییە كە ژنانی ئەو نەتەوە بندەستترین رەگەزی ئەو جیهانەن كە ماف و ژیانیان تێیدا پێشێل دەكرێت.
دانانی رۆژی ٨ی مارس وەك رۆژی جیهانیی ژنان دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی نیوەی سەدەی نۆزدەهەم، لەرۆژی ٨ی‌ مارسی 1857دا ژنانی كرێكاری جلوبەرگدروو لەئەمەریكا دەستیان به نار‌زایەتی دەربڕین و ‌تێكۆشان كرد. زۆربوونی  كاتی كاركردنیان‌ و كەمبوونی موچەكانیان، هۆكاری دەسپێكردنی ئەو تێكۆشان‌و خۆپیشاندانەبوو.
بۆ یەكەمجار و لەدووەمین كۆنگرەی جیهانیی ژنانی سۆسیالیست لەساڵی 1910دا لەلایەن ڕابەری سۆسیالیستی ژنان (كلارا زتكین) ئەو ڕۆژە وەك ڕۆژی جیهانی ژنان پێشنیاركرا.
هەر لەهەمان ساڵدا ژنان ئەم بۆنەیان پیرۆز كرد و لە ساڵانی دواتردا لەچەند وڵاتێك  ژنان لە 8ی‌ مارسدا ڕژانە سەر شەقامەكان‌و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و لە بەرامبەر نایەكسانی ‌و بێ مافیان درێژەیان بەخۆپشاندانەكانیاندا. خەباتی ژنان هێدی هێدی بوو بە خەباتێكی گەردوونی و  لەساڵی ١٩٧٥دا ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی ژنان لەنەتەوەیەكگرتوەكان بەفەرمی ناسرا.
ئەگەرچی ژنان وەك رەگەزە زیانمەندە قەرەبوونەكراوەكەی، دنیای دابینبوونی مافەكان و دیمۆكراسی، رۆژێكیان بۆ دانراوە كە باس لە ئازارەكانیان بكەن. جەژن بگرن یان هاوار بكەن.بەڵام بۆ گەیشتن بە هەموو مافەكانیان لە ئاستی جیهانیدا خەباتێكی زۆریان لەپێشە و دەبێ هەوڵی ئێجگار زیاتر بدەن,
لە راستیدا كەس نازانێ‌ ئەم رۆژە، كەی دەتوانێ‌ پەرەبستێنێ‌ و رۆژانی دیكەی مانگ و ساڵانی ژیانی بێدەرەتانی ئافرەتان وەك خۆی لێبكات. واتە كاریگەرییەكانی بگاتە ئەنجام و رۆژانی دیكەش وەك ئەمڕۆژە خاوەنی مافی یاسایی و ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر هەر چەشنە پێشێلكارییەك  بن.
"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان" پلانی چارەسەریی بۆ ئەم پرسە گرنگە ئەوەیە كە ژنانی كورد دەبێ قەرەبوو بكرێنەوە، ئەمەش تاكە رێگای چارەسەریی كێشەی ژنانی كورد و كۆتا چارەسەریی دنیای دێمۆكراتیكە بۆ گەیشتن بە مافەكانیان و گەیشتنەوە بە ئاستی پیاوان و دابینبوونی یەكسانی.
لە راستیدا دەبێ یاسا پاڵپشتی بەهێز بۆ هەڵكشانی ژنان بەرەو یەكسانی و قەرەبووكرانەوە دروست بكات.
سیاسەتی "قەرەبووخوازیی رەگەزی"پلانێكی سیاسی - كۆمەڵایەتی ئابووریی تۆكمەیە كە لە ساڵی 2009 وە خەریكی گەشەپێدانین و پرسی ژنانی كوردی وەكو لایەنێكی چەوساوەی قەرەبووخواز بە بنەما گرتووە و لە بەشی قەرەبووكردنەوەی مافەكانی تاكی بندەستكراوو كۆیلەدا كە تاكی كورد وەك سەرەكیترین لایەنی قەرەبووخواز بە بنەما گیراوە، ژنی كورد لەناو تاكەكانی كۆمەڵگای كوردیشدا وەك رەگەزی سەرەكیی قەرەبووخواز دادەنرێت كە دەبێ زیانەكانی مێژووی بە پێی یاسایەكی رێژەیی ریفۆرمخوازانە بۆ قەرەبوو بكرێتەوە.ئەمەش شۆڕشێكی  كۆمەڵایەتیی گەورە لە كۆمەڵگای كوردەواریدا بەرهەم دێنێت.
واتە ژنانی ئێمە لەم پلانە نایابەدا دەتوانن هێدی هێدی بە پاڵپشتیی بنیاتە سەرەكییەكانی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا وەكو یاسا و پێكهاتە بەهێزەكانی پاڵپشتیكاری یاسا و رێسا دانراوە قەرەبووكارەكان، بە ئاستی پیاوانی كورد بگەنەوە و تەنانەت بتوانن ركابەریی خۆیان لەگەڵ پیاواندا بگەیەننە ئاستێك، كۆمەڵگایەكی ژن - تەوەر پێك بێنن.
سیستەمەكانی رابردوو نەیانتوانیوە كۆتا مافەكانی ئافرەتان دابین بكەن و تەنانەت زۆر جار بە ناوی دابینبوونی مافەكان و یەكسانی لە مافدا، كەڵكی ئامرازییان لە ئافرەت وەرگرتووە. ئەو كەڵكەی كە بوەتە هۆی ئەوە، ئافرەت تا ئاستی ئامرازێكی خۆشگوزەرانی لە كۆمەڵگادا دابەزێت.
بە ڕای ئێمە مۆدێلی كەرامەتپارێزانەی لیبراڵیی پارتەكەمان كە لە سەر تەوەرێكی نوێی ئەخلاقی بە ناوی "قەرەبووخوازیی رەگەزی" دەسووڕێت، دەتوانێ‌ وەڵامێك بە پرسی چارەسەر نەكراوی ژنانی كورد وەك زەرەرمەندترین رەگەزی پێشێلكراوی گۆی زەوی بداتەوە و بەرەو ئاراستەی وەرگرتنەوەی كەرامەت و مافەكان بیانبات.
لە راستیدا ئێمە پێمانوایە كاتێك كۆمەڵگا دەتوانێ‌ باس لە ئازادی بكات كە ئازادی ویژدانی تێدا بێت و ئەمەش تەنیا لەسەر تەوەرێكی ئەخلاقی هەڵدەسوڕێت كە كەس نەتوانێ‌ قبووڵی ئەوە بكات، مافەكانی ئەویتر لە دەستەكانی خۆیدا قەتیس بكات و ژنانی كوردیش وەك سەرەكیترین رەگەزی زیانمەندی جیهانی دەبێ خاوەنی كەرامەتی خۆیان بن و بە گوێرەی بنەما یاساییەكانی وڵات و كۆمەڵگا هەموو مافەكانیان باشتر لە رەگەزە سەردەستەكانی ئێستا گارانتی بكرێت تا لە پڕۆسەیەكی زەمانیی تایبەتدا دەگەنەوە بە ئارامی و دڵنیایی و هەست بە مافدارێتیی تەواو و یەكسانی و ئازادی دەكەن.
بە ڕای ئیمە باسكردن لە یەكسانی لە سەردەمانی رابردو و ئێستاشدا لە لای زۆر یەك لە بزووتنە و رێبازەكان تەنیا وەك دروشمێك بۆ تێپەڕین لە قەیرانی دابینكردن و بەرهەمهێنانی ماف و بازدان بەسەر ئەو دۆسیە گرنگەدا بووە و هیچ چارەسەرییەكی بۆ دۆزەكە بەرهەم نەهێناوە.
لە لیبرالیزمی قەرەبوخوازیی ئێمەدا سیاسەتی رزگاریخوازانە یانی قەرەبووخوازی تا ئاستی بەجیهانیكردنی ماف و كەسایەتیی كورد و كاتێك دەتوانین باس لە رزگاریی كورد بكەین كە ئافرەتی كورد مافەكانیان دابین كرابێت. واتە ئافرەتی كوردیش وەك شارۆمەندێكی جیهانی ناسرابێت و قەرەبوو كرابێتەوە.
ژنانی كوردی بندەستی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە ژێر سیستەمی باوكسالارانەی بەئایینیكراوی كۆماری ئیسلامیدا دەهاڕدرێن خاوەنی هەزاران كێشەی چارەسەر نەكراون كە دەبێ بە هەموو لایەك هەوڵی رزگاركردنیان لەو كێشانە بدەین.
بۆ ئەم مەبەستەش سەنجتان بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە رادەكێشین:
1-              بەمەبەستی رزگاریی رۆژهەڵاتی كوردستان هەموو لایەنە شۆڕشگێر و رەسەنە دێمۆكراتیك و خاوەن ویژدانەكان دەبێ پلاتفۆرمی چارەسەریی كۆتایی پرسی ژنانی كورد و بە تایبەتی ژنانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێشكەش بكەن و پێكەوە هەنگاوی بەكردەوە هەڵبگرن.
2-              دەبێ هەموو لایەنەكان باوەڕ بەوە بێنن كە ژنان لەم قۆناغە هەستیارەی خەباتدا بێ پشتیوان و بێدەرەتانن و پیاوانی پێشكەوتنخوازی ریزەكانی بزووتنەوە دەبێ هاوهەنگاو لەگەڵیان خەبات بۆ سڕینەوەی ئەو پێشێلكارییانە بكەن كە لە بچووكترین ئاستەكانیشدا و لە بنەماڵەشدا بەرانبەریان دەكرێت.
3-              سیاسەتی یەخسیركردنی كۆمەڵگا و بە تایبەتی یەخسیركردنی ژنان لە لایەن سیستەمی كۆماری ئیسلامییەوە دەبێ بێوەڵام نەهێڵینەوە و لەقاویان بدەین.
4-              هەر خۆكوژی و خۆسووتانێكی ژنانی كورد بە كێشەیەكی ژارەسەرنەكراو لە سیستەمی كۆماری ئیسلامیدا واتا بكەینەوە چونكا ئەو سیستەمەیە نەیتوانیوە هیچ چەشنە ماف و ئازادییەك بە ژنانی كورد بدات و پێشێلكارییەكان بەرانبەر بە ژنانیش بكات بە ئەمری واقع و راستەوخۆ و یاسایی یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتییان بكات.
5-              دەبێ راپۆرتی مانگانەی پێشێلكارییەكانی كۆماری ئیسلامی و خەیانەتەكانی ئەو سیستەمە بەرانبەر مافەكانی ژنانی كورد بە كاتی خۆی بگاتە دەستی ریپۆرتەری نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ.
6-              هەر چەشنە سیاسەت و پلانیك كە رێژەی مافەكانی ژنان زیاتر لە ئاستی ئێستای دادەبەزێنێ‌ و ناتوانێ‌ گەشە بە مافەكانیان بدات بە گشتی ئیدانە بكرێت.
7-              دەبێ وا بكەین ئەنجامدەرانی تاونەكان بەرانبەر بە ژنان لە ناو دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی دا بكێشرێنە دادگا نێودەوڵەتییەكان و سزا بدرێن.

"پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان"وێڕای پیرۆزبایی 8 ی مارس لە هەموو ژنانی كوردستان و بە تایبەتی ژنانی ریزەكانی خەبات و بزووتنەوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، هیواخوازە لە ساڵی تازەدا ئازارەكانی ژنانی كورد بە تایبەتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان كەم ببنەوە و لە كوردستانێكی سەربەستدا بە مافەكانیان شاد ببنەوە.


ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان
8 ی مارسی 2013


No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates