Pages

Ads 468x60px

7 Mar 2013

هەوالەکانی ناوچە بەتایبەتی رۆژئاوایی کوردستان


هەوالەکانی ناوچە  بەتایبەتی رۆژئاوایی کوردستان 

قه‌ره‌یلان: ئاماده‌ین 50 ساڵی‌ دیكه‌ش شه‌ڕ بکه‌ین



سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆما جڤاكێن كوردستان، -باڵی‌ سیاسی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان- ئاماده‌یی په‌كه‌كه‌ پیشانده‌دات بۆ به‌رده‌وام بون له‌خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ئه‌گه‌ر بێت‌و لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر خواستی‌ شه‌ری‌ هه‌بێت، هاوكات بڕیاردان له‌باره‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ ئۆجه‌لانه‌وه‌ به‌قورس وه‌سف ده‌كات.

ئاوێنه‌نیوز، ANF: له‌باره‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ پارته‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كانی‌ توركیاوه‌ به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كانی‌ ئاشتی‌، سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆما جڤاكێن كوردستانKCK، موارد قه‌ره‌یلان، رایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ر ئه‌وان‌ شه‌ڕ ده‌خوازن، ئه‌وا ئێمه‌ 50 ساڵی‌ تریش شه‌ڕ ده‌که‌ین، ئێوه‌ ناتوانن ئێمه‌ له‌ناوبه‌رن، به‌زهنیه‌تی‌ فاشیزمی‌ ساڵی‌ نه‌وه‌ده‌کان که‌س ناتوانێت گه‌لی‌ کورد له‌ناوی‌ ببات‌و له‌تێکۆشان دوری‌ بخاته‌وه‌، پێش هه‌رشتێک ده‌بێت ئه‌و مافه‌ بۆ گه‌لی کورد بگه‌ڕێننه‌وه‌ که‌ له‌ ساڵی‌ 1924ه‌وه‌ لێیان دزیوه‌ و ده‌یدزن."

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ ئۆجه‌لان، قه‌ره‌یلان وتی‌، "هێشتا چه‌ند خاڵێکی نامه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ که‌ بیریان لێده‌که‌ینه‌وه‌، بێگومان بڕیار وه‌رگرتن هێنده‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک بڕوامان به‌سه‌رۆکایه‌تی خۆمان هه‌یه‌و پشتمان پێی راسته (...) ئێمه‌ له‌م بواره‌دا به‌بڕیارین‌و ته‌ڤگه‌ڕه‌که‌مان له‌ده‌وری سه‌رۆکایه‌تیمان بووه‌ به‌بازنه‌یه‌ک."

23ی‌ مانگی‌ رابردو‌ وه‌فدێكی‌ پارتی‌ ئاشتی‌‌و دیموكراتی‌ -به‌ده‌په‌- كه‌ پێكهاتبون له‌هه‌ریه‌ك سڕی سوره‌یا ئۆنده‌ر، په‌روین بوڵدان‌و ئاڵتان تان سه‌ردانی‌ گرتوخانەی‌ ئیمراڵی-یانكردو چاویان به‌عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری‌ زیندانیكراوی‌ په‌كه‌كه‌ كه‌وت. له‌و دیداره‌دا ئۆجه‌لان سێ نامه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌په‌كه‌كه‌و به‌ده‌په‌و حكومه‌تی‌ توركیا كرد له‌چوارچێوه‌ی‌ نزیكبونه‌وه‌كانی‌ نێوان ئه‌نكه‌ره‌و په‌كه‌كه‌ بۆ به‌رقه‌رابونی‌ ئاشتی‌ له‌توركیاو كۆتاییهێنان به‌كێشه‌ی‌ كورد له‌و وڵاته‌.

به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یاندنی‌ نامه‌كه‌ی‌ ئۆجه‌لانیش بۆ په‌كه‌كه‌، 28ی‌ شوبات وه‌فدێكی‌ به‌ده‌په‌ كه‌ پێكهاتون له‌هه‌ریه‌ك لەئه‌حمه‌د تورك هاوسه‌رۆكی جڤاكی دیموكراتیك‌و -كه‌جه‌ده‌- سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش‌و گوڵتان كشناك هاوسه‌رۆكانی به‌ده‌په‌ گه‌یشتنه‌ شاری‌ سلێمانی، دواتر سه‌ردانی‌ قه‌ندیلییان كردو له‌گه‌ڵ موارد قه‌ره‌یلان كۆبونه‌وه‌.‌

په‌یوه‌ست به‌ئازادكردنی‌ دیله‌كانی‌ توركیا له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ كه‌ داواكارییه‌كی‌ ئۆجه‌لانه‌، سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ KCK وتی‌، "ئه‌وه‌ داخوازی‌ رێبه‌ر ئۆجه‌لانه‌و ئه‌گه‌ر له‌ڕۆژانی‌ داهاتودا شاندێک بێت ئه‌وا ئه‌و سه‌ربازه‌ دیلانه‌یان ڕاده‌ست ده‌که‌ین".

دوای‌ دیداره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان په‌رله‌مانتار په‌روین بۆلدان كه‌ یه‌كێك بو له‌ئه‌ندامانی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ به‌ده‌په‌، په‌یامێكی‌ ئۆجه‌لانی‌ له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نوساندا خوێنده‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "ئه‌م دیداره‌ هه‌نگاوێکی مێژوییه‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان له‌م قۆناغه‌دا پێویسته‌ زۆر هۆشیارو به‌ئاگا بن. له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا گیراو هه‌یه‌، له‌ده‌ستی په‌كه‌كه‌دا گیراو هه‌یه‌. پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ زۆر به‌چاکی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ گیراوه‌کاندا بکات. هیوادارم گیراوه‌کان به‌که‌سوکاریان شاد ببنه‌وه‌."

قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شی‌ وت كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ پێویستی‌ به‌هه‌ڵوێستی دولایه‌نه‌یه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش ده‌توانێت رێگری له‌هه‌موو ئه‌گه‌رێکی گێره‌شێوێنی‌و هه‌وڵێکی بنبه‌ستکردن بگیرێت.

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان لە 15/2/1999 لەهه‌ڵمه‌تێكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ ئه‌مه‌ریكا، ئیسرائیل، توركیاو یۆناندا له‌كینیا رفێنراو گه‌رێنرایه‌وه‌ بۆ توركیا، پاش دادگاییكردنی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ردا سه‌پێنراو دواتر سزاكه‌ی‌ گۆرا بۆ زیندانی‌ هه‌تاهه‌تایی‌و‌ 14 ساڵه‌‌ لەدورگەی ئیمرالی له‌زینداندایه‌.

No comments:

Post a Comment

 
 
Blogger Templates